لەو ڕۆژەوە تۆی دیوە، پەرێشانە دڵی من
سەودازەدە و بێ سەر و سامانە دڵی من
سەرگەشتە ئەسووڕێتەوە بێ لانە دڵی من
هەر ساتێ بە دەردێکەوە ناڵانە دڵی من
هەرچەندە بەدوویا ئەگەڕێم شار و وڵاتان
دەشت و کەژ و سەحرا و چیا و چۆڵ و بیابان
شێتانە ئەبێ ڕووی لە چ لا کردبێ یاران
وەک بولبولەکەی وێڵی گوڵستانە بەهاران
ئاخۆ لە چ گوڵزارێ غەزەلخوانە دڵی من
سەد خۆزگە بێ بە ئەو ڕۆژە کە نەمستبوو ناوت
نەمچێشتبوو تامی مەیی مەیخانەیی چاوت
نەیدیبوو دەس و پێی دڵەکەم حەلقەیی داوت
ئازاد بوو لە پێچ و خەمی ئەگریجەیی خاوت
وا ئێستا لەتاو ئاگری هیجرانی بەتاوت
فرمێسکی ئەڵێی تەرزە و بارانە دڵی من
لەو ڕۆژەوە تۆی دیوە، پەرێشانە دڵی من
سەودازەدە و بێ سەروسامانە دڵی من
سەرگەشتە ئەسووڕێتەوە بێ لانە دڵی من
هەر ساتێ بە دەردێکەوە ناڵانە دڵی من