بۆ سەردەشتم بۆ سەردەشتم
شاری زەردەشت وڵاتی خۆر
بۆ شارە شێوە کۆترەکەی
پەڕ خوێناوی بە زوڵم و زۆر
بۆ بەهارە سەر سەوزەکەی
سوور بە خوێنی پیر و لاوت
بۆ دایکی هەزاران کۆرپەی
لە ناو باوەشدا خنکاوت
شەونمی سەر هەر گوڵێکت
فرمێسکی دایکانی منە
جەستەت زامدارە، زامدارە
زامداری دەستی دوژمنە
لە باوەشی خاکی تۆدا
هەزاران چاو تێیدا خەوتوون
ئارام ئارام پیرۆز پیرۆز
تێکەڵ بە خۆڵ، خاک و پەرجون
لە بن کێلی هەر گۆڕێکت
دوو چاو وەکوو گوڵی بەیبوون
سیس بە دەستی شەختە و سەرما
نەرم نەرم لە خەو ڕا چوون
لە هەر بست خاکی پیرۆزت
تنووک تنووک خوێن ڕژاوە
لەسەر هەر پەنجەرەی ماڵێک
گوڵدان و گوڵێک خنکاوە
گیانی هەر شەهیدێکت
بوەتە ئەستێرەیێک لە ئاسمان
شەوانە پڕشەنگ پڕشەنگ
پیرۆز دەکەن دەور و بەرمان
ئێمەی کورد بڕیارمان داوە
تا لە لەشماندا خوێن ماوە
لە نێو چاوانی هەر کێوێک
لەسەر دەروازەی هەر ماڵێک
لە لووتکەی بەرزی هەر شاخێک
لە هەر نزار و قەد پاڵێک
لەسەر شاپەرگی هەر گوڵێک
لە نێو دڵی هەر منداڵێک
هەموو ڕۆژێک هەموو مانگێک هەموو ساڵێک
بە خەتێکی سوری خوێنین
وەک چیرۆک بۆ دیرۆک نووسین
یادی سەردەشت بەرز ڕا دەگرین
ئێمە کوردین خۆڕاگرین
ئێمە بڵێسەی ئاگرین
ئێمە فێرین بۆ ژیان بمرین
ئێمە بڵێسەی ئاگرین
ئێمە فێرین بۆ ژیان بمرین