ئاهـ و ناڵەی بێقەرارم عالەمی خستۆتە جۆش
گوڵ بەناز پەروەردەیە ئەی دڵ دەمێکی بسرەوە
ڕۆحی شیرینم بە چاوان وا بە زاری دەمکوژێ
قەد نەڵێ: داخۆ ئەوە فەرهادە یاخۆ خوسرەوە؟
من وەها زوو مەستی مەی نابم بە نەشئەی چاوەکەت
مەرگی من ساقی لەگەڵ ئەو جامە لێوت بێنەوە
وەک سەری زوڵفت دەبێ کێ بێ حیسابی تێک نەچێ
گەر بەناز تۆ بێیە پەی مەحشەر بە چاوی مەستەوە
تا بە تا لەو ڕۆژە تۆ زوڵفت بە ڕوودا خستەوە
من لە سایەی زوڵف و ڕووی تۆ ڕۆژی ڕووناکم شەوە
دڵ لەسەر تاقی برۆی خۆی خستە داوی زوڵفی خاو
قیبلەکەم گۆڕاوە بۆیە پێم بە داوی کوفرەوە
چیم لە ئوممێدی بەهەشت و بیمی دۆزەخ داوە من؟
دۆزەخی من هەر فیراقە، جەننەتی من هەر ئەوە
ئاهـ و ناڵەی بێقەرارم عالەمی خستۆتە جۆش
گوڵ بەناز پەروەردەیە ئەی دڵ دەمێکی بسرەوە
هۆنراوە: #وەفایی