کاروان حەکیمزادە

کوردم

بە دەنگی: کاروان حەکیمزادە
شێوەزار: سۆرانی
1503
هەر دەژیم و سەربڵندم تاکو ڕۆژی مردنم
من بەپێوە گیان ئەدەم قەت ناکەوم بۆ دوژمنم
من لەسەر بستووی ژیانا کۆنەدارم نانەوم
من قەڵای ئەرکم بە تۆپی ڕووس و عوسمان ناکەوم
گەر بە خوێنی جەرگی خۆم سووری بکەم من دیمەنم
ملکەچت نابم دەبێ بمری بە مەرگت پێکەنم

گەر تەواوی تاروپۆی ژینم لەبەریەک هەڵبڕی
جەرگی خۆم و لاوەکانم هەر وەکوو گورگ هەڵدڕی
گەر مناڵ و دایک و بابم تۆ بخەیتە ناو کڵت
شەرتە ئاخێکیش نەکێشم داخ بنێمە سەر دڵت
من دەگەڵ تۆ دوژمنی کورد هەر سەری جەنگم هەیە
تاکو سەرکەوتن بەشەڕ دێم قەسد و ئاهەنگم هەیە
هەر دەژیم و سەربڵندم تاکو ڕۆژی مردنم
من بەپێوە گیان ئەدەم قەت ناکەوم بۆ دوژمنم
من لەسەر بستووی ژیانا کۆنەدارم نانەوم
من قەڵای ئەرکم بە تۆپی ڕووس و عوسمان ناکەوم

وەرە جەللاد
وەرە گیانم هەموو لەت لەت بکە تاکو بزانی چۆنە ئیمانم
ئەتۆ جەللاد
ئەگەر دەربێنی ئێسکانم
ئەگەر بێنی لەبەر چاوم بکوژی گشت عەزیزانم
بە خاکی پاکی کوردستان ئەمن کوردم
قەتیش ناڵێم پەشیمانم
وەرە ئەی خوێنمژی بەدکار
دەتوانی بیخەیە ئەستۆم گوریسی دار
ئەوە شانازییە بۆ من بەوەی ناکوژی ئیمانم
ئەوە سەربەرزییە بۆ من
وەرە ئەی دوژمنی بێداد
لەبەر چی مەحتەلی ئەی بۆچی نامکوژی بە زیندوویی
لە گۆڕا بۆچی نامنێژی
قەسەم بەم کۆت و زنجیرە
بە هەرچی دیل و یەخسیرە
بە ئاواتم بە ئیمانم بە پەیمانم
بە خوێنی پاکی ئەو کوردە لە ڕێی ئاواتی کوژراوە
قەسەم بەم خاکە خوێنینە
قەسەم بەم ژینە شێواوە
ئەگەر دەربێنی چاوانم
ئەگەر بشکێنی ئێسکانم
بە خاکی پاکی کوردستان
ئەمن کوردم قەتیش ناڵێم پەشیمانم
قەتیش ناڵێم پەشیمانم
هۆنراوە:
ڕەسووڵ کەریمی (سووتاو)
عەلی حەسەنیانی (هاوار)