شەوانم پڕە لە خەم و خەیاڵ
دڵ بۆ دیدارت بوو بە کۆی زووخاو
لە دوای باڵاکەت شینم* زارییە
شەوانم بێ خەو بێقەرارییە
چرکە بە چرکە شەوان بێداری
خۆت فێرت کردم ڕەسمی دڵداری
داوتە نیشانم گریان و زاری
هەر ساتێ یادت دەکەم خەمبارم
تا سەرەڕای مەرگ ئەدا ئازارم
فرمێسک بڕیوە* سۆمای چاوانم
بۆ گەڕانەوەت هەر چاوەڕوانم
چرکە بە چرکە شەوان بێداری
خۆت فێرت کردم ڕەسمی دڵداری
داوتە نیشانم گریان و زاری
دەردی لە دەردم ئێشی لە ئێشم
مەگەر لە خاکا دەسی لێ کێشم
بۆیە حەز دەکەم لە دوای من بمری
دارەمەیتەکەم بە شان هەڵبگری
چرکە بە چرکە شەوان بێداری
خۆت فێرت کردم ڕەسمی دڵداری
داوتە نیشانم گریان و زاری
*= ئەو دوو شوێنە دیاریکراوە وێدەچێت «ژینم» و «بڕیویە» بێت کە گۆرانیبێژ هەڵە دەیخوێنێت یان باش بێژەی ناکات.