چەن جارم وت بە دڵی بێ عار
بێ تۆبە کە مەگرە دڵدار
تۆ ژینم لێ مەکە بە ژار
مەمخە داو یاری جەفاکار
دڵی هەژار بە تۆ ژیر بوو
لە دوای باڵات دیت چۆن پیر بوو
خۆشەویستم چیت بە یاد کەم
مەگەر ماڵم لەلات بار کەم
ماڵی وێران کردم چاوت
دێوانەم بۆ زولفی خاوت
ئەمنی هەژار کەفتمە داوت
نەجاتم نابێ لە ڕاوت
بەرانبەرم دامەنیشە
جەرگت دەرهێنام لە ڕیشە
تۆ جەفات کردووە بە پیشە
بۆیە ئەناڵم هەمیشە
مەجنوون هەزار دێوانە بێ دێوانەتر لە من نییە
فەرهاد هەزار بێ لانە بێ بێ لانەتر لە من نییە