نیزام مەلازادە

بەهارە بولبول

بە دەنگی: نیزام مەلازادە
شێوەزار: سۆرانی
188
بەهارە بولبول، بولبول بەهارە
سەرەتای ناڵەی ئەزیزەکەم سەودایی زارە
وەرە بناڵین بە جووت لەشەودا
ئێمە شەوبێدار ئەزیزەکەم، بێ خەم لە خەودا

وا بەری بەیان سفیدەی نواند
تەم و تاریکیی ئەزیزەکەم لە گوڵشەن ڕەواند
دەشت و کێو هەمووی بە گوڵ خەمڵیوە
بەرگی بووکێنی ئەزیزەکەم تازەی پۆشیوە

هەوری بەهاریی لە گەرد و خولدا
چیمەن گەردانەی ئەزیزەکەم شەونم لە ملدا
لاگیرەی زێڕە قەتارەی گوڵزار
هەیاسەی پشتە ئەزیزەکەم زنجیرەی ڕووبار

بەڕەزا پرچی پەخشان کردووە
شنەی بای شەماڵ ئەزیزەکەم شانەی کردووە
نێرگز بە پەنجەی یادی لێلاخان
ڕووپۆشی لادا ئەزیزەکەم، سەرمەست و خەندان

مەلان دەچنە سەر لقی درەختان
هەر یەک ئاوازێک ئەزیزەکەم ئەڵێن بۆ بەیان
پۆڕ بە کناچە و قومری بە ئاواز
بوون بە دوو یاری ئەزیزەکەم هاودەم و هاوڕاز

هۆنراوە: ئەخۆل