محەمەد کەماڵی

زولفا

بە دەنگی: محەمەد کەماڵی
شێوەزار: سۆرانی
500
شێعری «زولفا» لە شێعرەکانی شاعیر ئەحمەد بازگر
ئەم شێعرە پێشکەش کراوە بە کچێک لە ئاوایی بەردەسووری ناوچەی سەردەشت.
ئەم کچە لەسەر لانکە مارەی دەکەن و کاتێ گەورە دەبێ و بە مێردێ کە بۆیان هەڵبژاردووە ڕازی نابێت ساڵی ١٣٦٨ بە دەستی ناپاکی هەر ئەو کەسە دەکوژرێت.

کاتێک پەنجەی ڕەشی تاوان لەسەر پیتکەی چەک ترازا و گلا ئاڵای باڵای زولفا
یەکەم کەس دایک و باوکی بوون دەرگایان خستە سەر پشت و چوونە سەر جەستەی نیوەگیان!
دایک لە باوک
باوک لە دایک زیاتر
هەردوو وەک یەک حەبەسا بوون
نەیانزانی بە کام تەقەڵی هەنگاوە گەیشتنە ئەو گۆمی خوێنەی ڕۆڵە جگەرگۆشەکەیان ئارام تێیدا ئۆقرەی گرتبوو
لە برینەکانی زولفاوە وەک پلووسکی کانییە بەر ماڵان خوێن هەڵدەچوو
بەڵام هێشتا ڕەشێنکی چاوە گەشەکەی دەترووسکان
لە چاوی دایک و باوکدا فرمێسکەکان قەتیس مابوون
پەنجەی دایک بە حاستەم چوو چەپکە بسکی ئاڵۆزکاوی قژی زولفای لەسەر ڕوومەتی وەلا دا
دەستە زوورەکانی باوک خزانە سەر گۆنای زەردی و لەپڕانێک لە قوڵپەی گریانیان دا
بە دەم شیوەنی گەرمەوە چاویان بڕیە چاوەکانی و دابڕدابڕ لە بانگیان دا:
«کیژە جوانەکەمان زولفا!
کێ وای لێ کردی؟ بڵێ کێ؟»
لێوە تەنکەکانی زولفا گوڵ هەناری تاوێک لەمەوبەر نەمابوون
دەتگوت پەلکی گەزیزەن و بەخۆرەتاو چرچ* هەڵاتوون
لە ناو سۆزی شیوەنەوە دیسان پرسیار:
«ئازیزە نەشمیلانەکە زولفا!
کێ وای لێ کردی؟ بڵێ کێ؟»
هەرچی کردی دەنگ لە گەروویدا حەبەسا
بەڵام زولفا
بە سەرنجی
بە ڕوانینی نیگای دەدوێ:
«بابە! بابە! هۆ بابەگیان!
مەپرسە لێم کە وڵامی ئەم پرسیارە کوا بە نیگا دەدرێتەوە!
هۆ بابەگیان! لەسەر یادی لە هەڕەتی گڕوگاڵما کە بە گوڵینگەی دەسرازەی بێشکە ژیر دەبووم
کە لە پشیلە بۆر دەتۆرام
ئاشت دەبوومەوە و زویر دەبووم
لەسەر یادی
هۆ بابەگیان لەسەر یادی ئێوارەیێک
چۆن گەنەشینکەی چاوتۆپیو دەچێتە گوێی بەرخۆلەوە
چۆن داڵاشی فێرەکەلاک قرژ دەبێ لە باڕۆکە
چۆن گورگ و چەقەڵ و ڕێوی خۆ مەڵاس دەدەن بۆ نێچیر
هۆ بابەگیان!
ئەو سەردەمە ئەم کیژۆڵە بریندارەت
بەرخۆلە بوو
باڕۆکە بوو
نێچیرێکی بەستەزمان بوو
گەر مەلای داڵ
گەنەشینکە
مەلای چەقەڵ
هاتە ماڵمان و بە شووی دام
ئەرێ دایە
هۆ دایەگیان!
ئەو کاتە بۆ؟
وەرختێ ورتەورتی مەلا کۆرپەی لە باوەش دەڕفاندی
ڕات نەکردە مەندیلەکەی
بیکەیتە داوەڵی شڕی مەلتارێنی ناو دێبەرمان!»
هەر هێندەی سیگارکێشانێک لە گشت ماڵیکی ناو دێوە ژن و کچ و کوڕان و پیاوانی ئاوایی
لە خەڵفی شووشی خوێناوی ئەو ئازارە کۆ بوونەوە
منداڵە قاچ تۆزاوییەکان جاروبارە نیگای وێڵیان لەسەر فرمێسک و هەنیسکی دایکەکان و دەستەخوشکەکانی زولفا دەنیشتەوە
جاروبارەش لە کەلێنێکی تەسکەوە گەلێک پرسیاری بێدنگیان تێکەڵ ئەو شینگایە دەکرد
لە ناو گەرمەی شیوەنەوە
دیسان پرسیار، پرسیار، پرسیار:
«کیژۆڵە جوانەکەمان زولفا
کێ وای لێ کردی؟ بڵێ کێ؟»
قوڕگی زولفا نیخەی لێ دێ
بەڵام زولفا بە سەرنجی
بە ڕوانینی نیگای دەدوێ:
«بابە! بابە! هۆ بابەگیان!
لەسەر یادی هەموو ساڵێک
لە دێبەرەکەی بەر ماڵمان جێگای شەقڵمان خۆش دەکرد؟
بەو نیشانەی کە پێت دەوتم ئەگەر ئەمساڵ تووتنەکەمان باش ڕەنێو بێ
بەرجێژنانە کراسی شەرمینت بۆ دەکڕم
ئەرێ لە بیرتە بابەگیان
چەند بێزار بووی لە گیاکەڵە و لە کاڕووش و هەرچی بژارە!
چونکە بژار بێستانەکەی سیس دەکردین
چون گیاکەڵە دەبووە مێمڵ لە تووتن و نەیدەهێشت بەرزەباڵا بێ
ئەرێ لە بیرتە بابەگیان کاڕووش لە کوێ با دەتبینی
بژار لە کوێ با دەژاکا
ئەێ بۆ بابە؟
هۆ بابەگیان!
نەک هەر بە سێ مانگی هاوین
ساڵ دوازدەی مانگ
هەموو ساڵێ بەم ڕۆژگارە
ئەم کیژۆڵەت
لە دەس بژار
لە دەس مڵە
باڵای نەدەکرد
سیس دەبوو
تۆ نەتدەدی
لە کۆڕی دەستەخوشکاندا
ئەم بژارەمان ناو لێ نابوو
«دەردی ژنبوون!»
بەڵی بابە! هۆ بابەگیان!
دەردی ژنبوون! هەموو ڕۆژێ لە ماڵەوە
لە نێو دێدا وەک بار دەنیشتە سەر لێوم
دەبوو بە تەم لە چاومدا و زەردی دەکرد گۆنای سێوم
هەر جارەی دەستەخوشکێکم بە نابەدڵی بە شوو درابێ
لە ڕۆژی بە بووک چوونیدا
لەو دیوی تارای سوورەوە
ئاونگی ئەسرینم دیوە
ئەو ئەسرینە
وەکوو خەنجەر
هەستی دەروونمی ڕووشاندووە و ئەم کیژۆڵەت
دیسان دڵی دەکولایەوە!
هەر جارێکی لەلای کچانی چیاوە -ئەو کچانەی کۆڵوانەیان تووڕ هەڵداوە و بە ڕەخت و چەک ڕازاوەتەوە باڵایان- نامەی ئەوینم بۆ هاتبێ ژیامەتەوە
بەڵام کاتێک نەمدەتوانی بیخوێنمەوە
جارێکی تر دەردی ژنبوون وەک برینێکی خوێکردوو زاری ئێشی دەکرایەوە!»
دیسان پرسیار، پرسیار، پرسیار!:
«غونچە پەڕپەڕەکەکم زولفا!
کێ وای لێ کردی؟ بڵێ کێ؟»
ئەمجارەیان نیگای زولفا وەک فانۆسی دووکەڵگرتوو
وەکوو دەڵقی تۆز لێ نیشتوو
وەک کوانووە پشکۆی دامردوو
بە ئاستەم دەترووسکایەوە
بەڵام هێشتا هەر بە سەرنج
بە ڕاونینی نیگای دەدوێ:
«ئەی پۆلی دەستەخوشکانم
ئەی ئەوانەی ئێش و ژانی دڵی ئەنجن ئەنجنبوومان بە گوێچکەی یەکتر ئاشنایە
ئەم خوشکەتان لە وڵاتێک بووە قوربانی
کە خۆشەویستی تاوانە!
بەڵام وا ئێستا زولفاتان
بە تاوانی خۆشنەویستن جێتان دێڵێ!
بنووسنەوە
بۆ کچانی شاخ بنووسن
ئەو تاوانبارەی زولفای کوشت
بەسەر پردێکدا پەڕییەوە
چێوبەستەکەی لە دەردی ژنبوون تەنرا بوو
لێیان پرسن
ئەو پردە تا کەی ناڕووخێ؟
تا کەی ئەو پردە ناڕووخێ؟
زولفا ئیتر
دوا سەرنجی بە شوێن هیچ کەسا ناگەڕێ
بەڵام ئەم دوانیگایەشی
بێدەنگ نییە و هەروا دەدوێ:
«دەنگ دەبیستم
دەنگی کاروان
دەنگی قافڵەی خۆشەویستی
سا ئەی پۆلی دەستەخوشکانم
مژدە لێتان
کاول دەکرێن ئەو دڵانەی دنیا لەبەر وان کاولە!»
هۆنراوە: ئەحمەد بازگر
*: لە هۆنراوەی شاعیردا «ڕەق» هاتووە.
دڵنیا نین کە بێژەری ئەم هۆنراوەیە بەڕێز «محەمەدی کەماڵی»یە یان بەڕێز «کەریم قەڵا»، تکایە ئەگەر زانیاری تەواوتان لەسەری هەیە پێمانی بڵێن.
زۆر سپاس