فەلەک گۆڕی لە بەختی من شەوانی پڕ هەسارەی گەش
دوو چاوی ڕەش دوو زوڵفی ڕەش بە سەد ئاخ و بە چارەی ڕەش
لەدایکبوونی من بۆچی چرای کوژاوەی ماڵان بوو؟
لەبەر چی زەحمەتی ساڵانی دایکی من لەبیرت چوو؟
بە کۆیلەکردنی هەستم بەهانەی سوننەتی من بوو
بە تێغی تیژ باخی باوەڕ و هیوام بە تاڵان چوو
لە کاتێ مارەییم نایە لە کاتێ زۆر منداڵم
بە زۆر مارەم دەکەن هەی داد وەکوو مەل دەشکێنن باڵم
بزانە چیت کرد لە من دونیا کە ئاگر بوو بە چارەی من
لەگەڵ گیان و دڵم سووتا شەوانی پڕ هەسارەی من
تۆ خۆت باشتر دەزانی کە داتماڵیوم لە بوونی خۆم
بە لەش هی تۆم بە هست هی تۆم بە بیروباوەڕم هی تۆم
لەبەر چی دەمکوژی بۆ؟
خۆ نیم کەمتر لە ئاستی تۆ!
من کچی تۆم و خوشکی تۆم
ئەمن هاوژین و هاوچەشنی تۆم
ئەگەر مەلی خەیاڵی ژن ڕەها ببێ لە زیندانی
هەموو دونیا تژی دەبێ لە ئازادی و یەکسانی
لە ڕۆژەوە لە ئاسۆدا خۆری من خۆی دەنوێنێ
کە دەنگی کامەرانی من دڵی دونیا دەلەرزێنی