چاوت ئاوری بن کایە
جوانکەڵانەکەم
ڕستەی بەسۆزی ئەوین
وەک مەلی عەشق ئەفڕین
لە ناخی لانەی دڵتا
بەرەو مێرگی خۆشەویستیم باڵی لێکدا
چاوت ئاوری بن کایە
کچێ گیانە دڵم دیل و بێ دەرەتانە
پێکراوی برووسکەی چاوانە
تینووی چاوی گەش و لێوی تورت و کوڵمی سوورە
بە ئاواتی چوونە ژوانی کچی نوورە
بەڵام هەیهات لە من دوورە
هەرچەندە خاوەن هەست بم
پێکراوی چاوی مەست بم
مادام کورد دەربەدەرە
ئەو ڕێگایەم لە بەرە
بنەخشێنم بە خوێنم
ئاسۆی ئاواتی لاوان
مناڵانی بێ تاوان
منێک کە عاشقی میللەتم
هاودەمی سێدارە و پەتم
من کوردێکی مەکۆی تاسەم
دەردی کوردی هەڵدەکێشێ هەناسەم
شەرتە لە ڕێی ئازادی
سەربەستی کورد و شادی
بنەخشێنم بە خوێنم
ئاسۆی ئاواتی لاوان
مناڵانی بێ تاوان