پاش ئەوەی کە خۆر هەڵدێ
پڕشنگ ئەخاتە سەر دێ
خوێندەواران دێنە دەر
ڕێی مەکتەب دەگرنە بەر
لە نێو کۆمەڵەی ماڵان
بۆ خوێندنی منداڵان
ماڵێکی زۆر وێرانە
کراوەتە قوتابخانە
کاکی مودیر بەیانی
بەر لە خوێندەوارانی
ئەڕوات و لەو بەر درگا
ماوەیێ هاتوچۆ دەکا
ڕەوشتی کاکی مودیر
لاوی ژیر و ڕۆشنبیر
لە نێو دڵی خەڵکی دێ
بە جوانی گرتوویە جێ
یاری هەژارەکانە
هیوای نەدارەکانە
لاوێکی جوان و ڕووخۆش
کوردیوێژ و کوردیپۆش
بەڕاستی خەڵکی ئەوێ
گیانیان بۆ مودیر ئەوێ
لە پەنجەرەی پرتوکاو
تیشکی خۆر ئەداتە ناو
مامۆستا وەکوو جاران
ئەڵێ بە خوێندەواران
دیسان ڕۆژی شەممەیە
ڕۆژی پرسینەوەیە
وریا تۆ هەستە سەر پێ
دەرسی پێشووم بۆ بڵێ
'ئا' وێنەی چی؟ 'ب' وەک چی؟
'پ' وێنەی چی؟ 'ت' وەک چی؟
لە ئەلفەوە تاکوو یێ
هەرچی دەیزانی بیڵێ
وریا بیر ئەکاتەوە
وڵامی ئەداتەوە
'ئا' وێنەی ئازادی
ئاڵای ئاوات و شادی
'ب' وەکوو برسییەتی
'پ' بە وێنەی پێ پەتی
'ت' وەکوو تاڵی ژین
تاریکی و تێکۆشین
کاتێ شتێ نازانێ
بۆ منداڵان ئەڕوانێ
'نون' بە وێنەی نەدار
'ە' بە چەشنی هەژار
مامۆستایان هەڵدەستێ
بەرامبەریان ئەوەستێ
ئەڵێ بەسیەتی ئیتر
دەس کەینە باسێکی تر
تا کەی دەرسی دڵتەنگی؟
تا کەی دەرد و بێدەنگی؟
ئیتر لایان بەین لە بیر
ڕوو کەینە ڕا و تەگبیر
منداڵەکان مات ئەبن
دەرسی تازە گوێ دەگرن
بێدەنگی قوتابخانە
پڕ دەبێ لەم وشانە
'ئا' وێنەی ئازادی
ئاڵای ئاوات و شادی
'ب' وێنەی بیرەوەر
'ت' بە وێنەی تێکۆشەر
'س' بە وێنەی سەربەستی
سەر و سێدارە و سستی
'کاف' وێنەی کوردستان
کورد و کۆمەڵ و کوێستان
منداڵ بە یەک دەنگەوە
ئەڵێن بە ئاهەنگەوە
'کاف' وێنەی کوردستان
کورد و کۆمەڵ و کوێستان
ماوەی بەر لە نیوەڕۆ
دوایی دێ دەرسی ئەمڕۆ
ئێوارە منداڵەکان
لە نێو باخ و لە سەربان
دەرسی تازە دەخوێنن
بە خەڵکی ڕادەگەیێنن
'ی' وێنەی یەکیەتی
یەکگرتن و یارمەتی
ڕۆژی شەممەی داهاتوو
ئەو دەرسەیان لەبەر بوو
بەڵام تاکوو خۆراوا
بەو گەرمای خۆرەتاوا
لە ڕێی شارا وەستابوون
چاوەڕێی مامۆستا بوون
تینی خۆر و خەمباری
پرسین و چاوەنواڕی
مامۆستامان وا لە کوێ؟
بۆچی نایەتەوە دێ؟
پێش ئەوەی تاریک دابێ
هەواڵێ کەوتە نێو دێ
مامۆستای قوتابخانە
کەوتووەتە بەندیخانە
مامۆستای قوتابخانە
کەوتووەتە بەندیخانە
ڕۆژی هەوەڵی زستان
کە سەرما هاتە کوێستان
کەسێ هەواڵێ دێنێ
دڵی دێ ئەلەرزێنێ
چەن لاوێکی ڕۆشنبیر
بە هاوڕێی کاکی مودیر
ئەو ڕۆژە تاریک و ڕوون
لە سێدارە درابوون
ئیتر ئەو منداڵانە
جێ دێڵن قوتابخانە
کاتێ ئەڕۆن بە دڵتەنگ
چاو بە فرمێسک و بێدەنگ
خوێندەوارێ کش و مات
سەرنجی دیوار ئەدات
لە بان تەختەی سەر دیوار
خەتێ مابوو بە یادگار
دڵی نەدەهات کەسێ
شتی لە سەر بنووسێ
'ئا' وێنەی ئازادی
ئاڵای ئاوات وشاد
'ب' وێنەی بێگانە
بڕین و بەندیخانە