مستەفا دادار

مناڵەکان

بە دەنگی: مستەفا دادار
شێوەزار: سۆرانی
351
لێ لێ مناڵەکان
ئەی یاخییە ژینتاڵەکان
لۆ لۆ مناڵەکان
ئەی برسییە ژینتاڵەکان
دەسگیرانم کۆترێکی دیاربەکرە
حەزی لە چیا و قاسپەی کەو و ڕەنگی بەفرە

بۆ گواستنەوەی زنجیرەی چیام قەف قەف بڕی
ڕۆژمێرم پەڕ پەڕ دڕی
پەساپۆرتم ئاوات و زەردەخەنە بوو

کە لە دەرگای سنوورم دا
لەباتی ماچ
ماچی گەرمی دەسگیرانم
تفی زەردی پۆستاڵ ڕەشێک
هات سواخی دا ناوچەوانم

لێ لێ مناڵەکان
ئەی یاخییە ژینتاڵەکان
لۆ لۆ مناڵەکان
ئەی برسییە ژینتاڵەکان
شەو لە خەوما ڕێبوارێک بووم
بۆ بارەگای یوتان* دەچووم
کە دەروازەکەی قووتی دام
سپیم بینی، ئاڵای هەبوو
ڕەشم بینی، ئاڵای هەبوو
هەرچیم بینی ئاڵای هەبوو

قیژاندیان:
بۆ دەرەوە ئەی بێ ئاڵا
بۆ دەرەوە ئەی بێ وڵات
منیش گوتم:
مەقیژێنن
کە چوومەوە
ئەم چیرۆکە بۆ منداڵان دەگێڕمەوە
هۆنراوە: عەبدوڵڵا پەشێو
* یوتان(١٩٠٩-١٩٧٤) سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ١٩٦٢-١٩٧١ی زایینی