چەنگیز سیگارچی

پیرە هەڵۆ

بە دەنگی: چەنگیز سیگارچی
شێوەزار: سۆرانی
582
هەڵۆ هەر بەرزە

پاییزە دار و دەوەن ڕەنگ زەردە
با تەز و سەردە بە تۆز و گەردە
دیارە لای شەختەیە ناخۆش خەوەرێ
دارە خۆی دەڕنێ خەزەڵ هەڵدەوەرێ
هەورە ڕەشپۆش و بە گریە و ناڵە
سەرەتای شیوەنی مەرگی ساڵە
بە گژەی سەردی هەناسەی کەژ و کۆ
ژینی خۆی هاتەوە بیر پیرە هەڵۆ:
داخەکەم بۆ گوڕ و تینی جوانیم
ئەو دەمەی چۆن و چ بووم، بۆ وا نییم؟
هێز و سۆمای نییە باڵ و چاوم
مامەوە گردەنشین بێ ڕاوم
دوورە گۆشت پۆڕ و کەوم، وەردەکەوم
گۆشتە نێچیرێ مەگەر بێتە خەوم
پیرییە پاییزی وەرزی ژیانە
وردە هەنگاوی بەرەو گۆڕنانە
وا هەڵۆی مردنە ڕاوی کردم
ڕاوبەتاڵی منە هاکا مردم!
مردنیش هێندە نە سووکە و سانا
سەری لێ گێژە هەزاران زانا
چم بەسەر دێ کە نەمام و مردم
پەڕی بەر بایەک و خۆڵی وردم
گیان بەرەو کوێ دەفڕێ ڕوون نییە بۆم
تۆ بڵێی بچێتەوە لای باوە هەڵۆم؟
تۆ بڵێی ڕاوێ هەبێ لەو بەرزە؟
پاش هەموو چەرمەسەرەی ئەم عەرزە
داخم ئەو ڕازە لەبن سەرپۆشە
سەفەری نابەڵەدیی ناخۆشە
دڵ و دیدەم کە بە دنیا فێرە
چەندی پێم بکرێ دەمێنم لێرە
ژین گەلێ شیرنە فیزی ناوێ
بۆ مەبەست سەر دەنەوێنم تاوێ
چاری ئەم دەردە لە لای قاڵاوە
گەرچی زۆر پیرە بە لاوی ماوە
دەچمە لای و بەوە چم لێ نایە
ڕەشییە و ئاوی ژیانی لایە
سەر نەوی دای لە شەقەی شاباڵان
هاتە وێرانەیەکی جێ ماڵان
بوو بە میوانی قەلێکی ڕووڕەش
چەپەڵ و ڕژد و لە مەردی بێبەش
قەل قڕی: لێم مەیە پێش زۆرداری
خوا شوکور زۆر بە کەنەفتی دیاری
زووبە چیت لێم گەرەکە پێم بێژە
دوور لە من بگرە لەشم بە نوێژە
وتی ئەی لالە قەلەی هەر لاوم
پیرم و زۆر لە مەرگ ترساوم
هەمە پرسێک و دەبێ بمبووری
هۆی چییە تۆ کە لە مردن دووری؟
وەک دەڵێن ئێوە بە چڵ ساڵ باڕن
تووشی تووش نایەن و کۆسپ و باڕن
ڕێیەکم پێ بڵێ بۆ هەرمانم
تۆی لە لات دەست دەکەوێ دەرمانم
سوێند ئەخۆم پاشان هەتا بشمێنم
هەر کەوێ ڕاوی بکەم بۆت دێنم
قەل گوتی: هۆزی هەڵۆ زۆر خاون
سەیرە لام چۆنە کە خاوەن ناون
باب و کاڵت بە نەزانی مردن
بیری سەربەرزییە وای لێ کردن
هەر کەسێ بەرزەفڕە زوو دەمرێ
بای بڵندایی سەر و دڵ دەگرێ
ماڵی ئێوە کە لە لووتکەی کێوە
لای جن و دێوە بەڵای زۆر پێوە
خوێنەپۆڕ پۆرگی دەخاتە خوێنێ
گۆشت کەوی تازە گرفتی دێنێ
جگەر و سی و دڵی مامر ژەهرە
تا وەها بی تەقەلات بێ بەهرە
دەتەوێ زۆر بژی، خۆش ڕابوێری
خۆ لە پەندم گەرەکە نەبوێری
وەرە وەک ئێمە بژی نزم و نەوی
شەو لەسەر گەندەڵە دارێک دەخەوی
خواردنی باشی کە تۆ نەتدیوە
گۆشتە بارگینی گەنی و تۆپیوە
کردنی چینە لە پەین و شیاکە
تاو و تینی لەشە بۆ دڵ چاکە
پەندی باپیرە بە میرات ماوە
خوێنی زامی کەرە سۆمای چاوە
گفتی من گەوهەرە بۆت هەڵڕێژم
تاقە دوو ڕێت لەبەرە، پێت بێژم
یان لەناو بۆگەن و نزمایی ژیان
یان بە سەربەرزییەوە بسپێرە گیان
ڕاچەنی لەم وتەیە پیرە هەڵۆ
هاتە بەرچاوی گەلێ کەند و کڵۆ
کەوتە ناو گێژی خەیاڵات و خەمان
مان ئەگەر وا بێ چ شرینە نەمان
وتی: پیرۆز بێ لە خۆت ئەم ژینە
جەژنی تۆ بۆ مە شەپۆڕ و شینە
کێ بە سەربەرزی ژیابێ تاوێ
ژینی قاڵاوی بە پوولێک ناوێ
چاوەڕێی مەرگە گیان با بیبا
پەڕ و باڵم لە چیا با بیبا
بە هەڵۆیی کە لە ژین بێبەش بم
نەک هەزار ساڵە قەلی ڕووڕەش بم
بۆ شتێک ئێستە لە خۆ بێزارم
من هەڵۆ بۆچی بە تۆ بە کارم؟
مەرد ئەگەر کاری بە نامەردانە
دەردی سەرباری هەموو دەردانە
کەوتە خۆ دای لە شەقەی باڵ دیسا
ئاگرێکی لە دەروون داییسا
ڕاستەخۆ بۆ سەروو هەر بۆ سەرچوو
هەردی جێهێشت و لە هەوران دەرچوو
قەل هەزار ساڵی ژیا بەو تەرزە
سەرنەوی و هێشتە هەڵۆ هەر بەرزە

هۆنراوە: هەژار موکریانی