جەلال مەلەکشا

یادەوەری

بە دەنگی: جەلال مەلەکشا
شێوەزار: سۆرانی
535
شەکەت، ماندوو
بریندار و لەخوێن‌گەوزاو
بەڵام سەربەرز و سەرکەوتوو
گەیشتینە ئەم هەوارە
ڕێگایەکی دوورودرێژمان بڕیوە
هەنگاو بە هەنگاوی ڕێگا
شەتڵی گیان و شکۆفەی خوێنی شەهیدە و
لە ساحەی شۆڕشدا چندراوە
بە ئەشکی گەش ئاو دراوە
مێژوویەکی پڕکارەسات
هەر وەرەقێ تەژی لە ئەسرین و زووخاو
بە قەڵەمی ئەویندارێکی نووسراوە
گەلۆ سووکی لێ مەڕوانن
بەها و قەدری ئەم چیانە
هەرزان نییە
زۆر گرانە
دەریا، دەریا، خوێنە!
گیانە
لە قووڵترین خەرەندی مێژووەوە وەڕێ کەوتین
ئاوڕێک بۆ دوا بدەنەوە
ئەو ڕێگایە
بە کەلاک و کاسەی سەرمان داپۆشراوە
لە هەر شەقاوێکا گۆڕی شەهیدێکە
ئەم خاکە گەر هەڵدەنەوە
کۆگای پرچ و بسکی خاو و چاوی جوان و لێوی ئاڵ و
باڵای عەرعەری نازداری تیا نێژراوە
ئەم کاروانە،
داری خەم و خوێن و ئیمان و ئامانجە
زۆر جار کەوتین
زۆر جار بەرد و تاوێران گەلە کۆمەیان لێ کردین
هەستاینەوە و هەر نەمردین
دیسان بەرەو لوتکەی ئامانج هەڵکشاین
مەرگ نەیتوانی ڕێگای ژیانمان پێ بگرێ
پلەپلە تەرمی خۆمان سەر یەک دانا و
بە قادرمەی جەستەی خۆماندا سەر کەوتین.
ڕێگا، ڕێگە
چ ڕێگایەکی ئاستەنگ بوو
ئاسمان قەڵەمڕەوی داڵ و
زەوی عەرسەی مار و دووپشک
لای خواروومان خەرەندێکی قووڵ و هەزاربەهەزار و
لای سەروومان هەڵەمووت و
چوار تەنیشتمان ئاگر و ئاسن
بۆ پڕووز و چەقەوڕی سووتمانی گۆشت و ئێسقان بوو
لە ئەم قۆناغ بۆ ئەو قۆناغ
سەدان جار کەوتین و هەستاینەوە
منداڵ گاڵتەی بە مەرگ ئەکرد
لە سێبەری ڕەشی مەرگا
پلانی ژینمان دادەڕشت
هەرزانترین کالا، گیان بوو
مێژوو دەڵێ، من نانووسم
کورد بۆ ژیان بە ناو دڵی مەرگا دەچوو
ئەنفال، هەڵەبجە، بادینان
کایلەو کوچکەڕەشی سنە و
چوارچرای مەهاباد و شەقامەکانی قامیشلی
زیڕە و هاواری گەرمیان شایەتمانن
مێژوو دەڵێ، من نانووسم