جەلال مەلەکشا

ئێوارەی غەریبستان

بە دەنگی: جەلال مەلەکشا
شێوەزار: سۆرانی
396
ئێواران غەم دێت و لە دەرکە دەدا، لە پەنجەرەوە هەڵدێم.
دەڕۆم خۆم لە نێو شووشەی بادەدا بشارمەوە!
کەچی دەبینم غەم پێش لە من لەسەر کورسیی بەرامبەرم دانیشتووە و چەمەڕایە!
دەست لە ملم دەکا و دەڵێ:
دڵنیا بە، من وەک شادی بێ وەفا نیم!
هەرلە یەکەم ڕۆژی ژیانتەوە
لەگەڵتدا بوومە و هەتا دواڕۆژ بە جێت ناهێڵم!
هەڵدەستێ و ڕۆ دەچێتە نێو شووشەی بادەکەوە.
دەیخۆمەوە و تک تک
لە چاوەکانمەوە دادەچۆڕێ و دیسان دەگەڕێتەوە لام و بەرامبەرم دادەنیشێ.
ئێواران دڵم پڕ خورپەتر و چکۆلەتر
لە دڵی پەڕەسێلکە کۆچەرییەکانە.
ئێواران شەقامە قەرەباڵغەکانی هەولێر پڕن لە تەنیایی و "مەچکۆ"ش تەژی لە ڕیا و قسەی پشتە ملەیە؟
ئێواران
نازانم بۆ کامە شوێن سەر هەڵبگرم، نەختێ لەم غەریبستانە دوورم بکاتەوە!
مەیخانەکانیش
لێوانلێوی خەم و فرمێسکن.

ئێواران
هەموو غەریبەکان دێن و
لە بەرامبەر شێخی بادەدا پرچ و قژی خەمە درێژ و پرش و بڵاوەکانیان دەکەنەوە و
کوورەی زیکرێکی پڕ لە جەزم حاڵ دەبستن.
ئێواران،
سواری ئەسپێکی تیژپا دەبم و
بە قاچاخەڕێیەکانا لە سنوورە دەستکردەکان دەپەڕێمەوە
لە پڕ باوەش بە خۆشەویستەکانمدا دەکەم و پرمەی گریان بەر بینگم لێ دەگرێ.
ئەگەر "ئیسماعیل بەرزەنجی" جڵەوەی ئەسپەکە نەگرێ و دەنگم نەدا.... ئاخ!
ئاخ ئیسماعیل بەرزەنجی!..
ئەسپەکە سڵ دەکا و دەمگلێنێ و دەبینم:
لە باخچەی مەیخانەیەکدا دانیشتووم و گەیشتوومە سنووری دوا پێک.

ئێواران
نازانم بۆچی هەر ئێواران
شاعیر و عاشق و دێوانە
ئۆقرەیان لێدەبڕێ
دنیایان لێ دەبێ بە پێستە چۆلەکە و
حەز دەکەن لە خۆیان یاخی بن
بەرەو ڕووی گەردوون و گشت جیهان ڕاپەڕن!
دەبن بە ئاگر و
بڵێسەیان کۆڵەکە دەبەستێ
هەر بۆیە ئێواران
خۆیان بە مەیخانە دەگەیێنن
کە بە مەی کوڵ و کۆی دەروونیان خامۆش کەن!
بەڵام مەی، وەکوو نەفت
ئاگرەکە خۆش دەکات!
ئێواران،
وەکوو مار
دڕکەزێ خەفەت و پەژارەی غەریبی
کاژم پێ دەخات و
جامەی پڕ فریوی ڕۆژانە تووڕ دەدەم!
دەبمەوە خودی خۆم
جەلالی مەلەکشای
ڕووت و قووت
دڵەکەم دەخەمە سەر لەپ و
لە ژێر تیشکی چلچرای بادەدا
هەموو کەس دەمبینێ
چۆناوچۆن دەسووتێم!
ئاخ دڵدارە دوورەکەم!
ئەی ژنە خەمناکە دوازدە ساڵ بێوەکەم!
من هەڵۆی یاخی بووی کوێستانم
هاکا لەم ڕۆژانا، گوللەیەک
دڵە پڕ ژانەکەم وێران کات
ئەزانم بە جێگەی سەرسینگی نەرمی تۆ
بە گوللەی تفەنگێکی تیرۆریست
چیمەنتۆی شەقامی ئەم شارە
دەبێ بە سەرینم
تو خواکەی پێش لەوەی
خاکی ئەم وڵاتە خەمبارە قووتم دا
هەر جارێ...
وەرە
نێو
خەونێکی ئاڵۆزم!