خانە ماملێ

لایە لایە

بە دەنگی: خانە ماملێ
شێوەزار: سۆرانی
254
ئاخ ڕۆڵە ڕووناکی گلێنەی چاوم
بەندی جەرگ و دڵ هێزی هەناوم
ڕیحانەی بۆنخۆش سوورەگوڵەکەم
ئاوپڕشکێنەی کوڵی دڵەکەم
چۆڵەمەی ئەستۆم ڕەگی حەیاتم
هەنگوین و قەند و نوقڵ و نەباتم
خەوی خێرت بێ دە بنوو درەنگە
تا کەڵەبابەی بەیان بێدەنگە
هەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
مات بە پێت بڵێم لەبەر چی وایە

ژیر بەوە ڕۆڵەی ژیر و جوانم
لە داخی لانک دەگری دەزانم
دەڵێی بۆ حەپسم بۆ دەستەبەستم
بەو بەند و حەپسە من جەستە خەستەم
لەنێو کورد نەبێ دەسرازە نییە
ئەو بەند و قوفڵە و قەڕازە نییە
کوڕە من بیرم لە تۆ زیاترە
دەسرازە و لانک بتبێ چاترە
هەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
مات بە پێت بڵێم لەبەر چی وایە

کوڕم پێتخۆشە یەخسیر نەمێنی
سەربەست پێت بڵێم بکەوە شوێنی
قەڵەم دەست دەیە ببە مەکتەبی
وەخت و بێ وەخت لە خوێندن نەبی
ئەو کاتە لەگەڵ کاکت دوو بە دوو
بکەن هاواری حەقی لەدەستچوو
دەست لە ناو دەست نێن بە ڕا و تەگیبر
یەکتان بە قەڵەم یەکتان بە شەمشیر
ئەی لایە لایە ڕۆڵەی لای لایە
هەزار تێبینی دواڕۆژم لایە

دەسرازە: ئەو پەتە پانەی بە بەنی ڕەنگاوڕەنگ وەک کەژوو دەیهۆننەوە بۆ بەستنەوەی دەست و لاقی منداڵ لە لانکەدا.
قەڕازە: زنجیری شت بەستن.

هۆنراوە: هەژار