بەندی جەرگ و دڵ هێزی هەناوم
ڕیحانەی بۆنخۆش سوورەگوڵەکەم
ئاوپڕشکێنەی کوڵی دڵەکەم
چۆڵەمەی ئەستۆم ڕەگی حەیاتم
هەنگوین و قەند و نوقڵ و نەباتم
خەوی خێرت بێ بنوو درەنگە
تا کەڵەبابی بەری بەیانی بێدەنگە
هەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
ئەوشۆ بەزەییت بە مندا نایە
ژیر بەوە ڕۆڵەی ژیر و جوانم
لە داخی لانک دەگری دەزانم
دەڵێی بۆ حەپسم بۆ دەستەبەستم
بەو بەند و حەپسە من جەستە خەستەم
لەنێو کورد نەبێ دەسرازە نییە
ئەو بەند و قوفڵە و قەڕازە چییە؟
کوڕم من بیرم لە تۆ زیاترە
دەسرازە و لانک بتبێ چاترە
هەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
گوێ بگرە پێت بڵێم لەبەر چی وایە
ڕاستە تۆ نەتەوەی شێری ژیانی
نەتەوەی پاکی گەلی کوردانی
بەڵام چونکە کورد ئەوڕۆ بێکەسە
بەشیان لە دنیا کۆت و مەحبەسە
بۆیە دەتپێچم تا خووی پێ بگری
نەک تاکوو ماوم لە بەندا بمری
بۆ چارەڕەشیت نەماوە تینم
هەر پێم خۆش نییە مەرگت ببینم
هەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
هەزار تێبینی دواڕۆژم لایە
بۆت بەخت دەکەم عومری درێژم
سەت تاڵ و سوێریت لەسەر دەچێژم
نەمامی باڵات بە فرمێسکی چاو
شەو و نیوەشەو لێی دەنێم شەواو
سەت چاک و پیرت بۆ دەخولێمەوە
لە بن سێبەرتدا بحەسێمەوە
هەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
ئەوشۆ بەزەییت بە مندا نایە
دەسرازە: ئەو پەتە پانەی بە بەنی ڕەنگاوڕەنگ وەک کەژوو دەیهۆننەوە بۆ بەستنەوەی دەست و لاقی منداڵ لە لانکەدا.
قەڕازە: زنجیری شت بەستن.
هۆنراوە: هەژار