محەمەد ماملێ

لایە لایە

بە دەنگی: محەمەد ماملێ
شێوەزار: سۆرانی
426
ڕۆڵە ڕووناکی گلێنەی چاوم
بەندی جەرگ و دڵ هێزی هەناوم
ڕیحانەی بۆنخۆش سوورەگوڵەکەم
ئاوپڕشکێنەی کوڵی دڵەکەم
چۆڵەمەی ئەستۆم ڕەگی حەیاتم
هەنگوین و قەند و نوقڵ و نەباتم
خەوی خێرت بێ دە بنوو درەنگە
تا کەڵەبابەی بەیان بێدەنگە
ئەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
ئەوشۆ بەزەییت بە مندا نایە

ژیر بەوە ڕۆڵەی ژیر و جوانم
لە داخی لانک دەگری دەزانم
دەڵێی بۆ حەبسم بۆ دەستەبەستەم
بەو بەند و حەبسە من جەستە خەستەم
لە نێو کورد نەبێ دەسرازە نییە
ئەو بەند و قوفڵ و قەڕازە نییە؟
ڕۆڵە من بیرم لە تۆ زیاترە
دەسرازە و لانک بتبێ چاترە
ئەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
مات بە پێت بڵێم لەبەر چی وایە

بۆیە دەتپێچم تا خووی پێ بگری
نەک تا من ماوم لە بەنددا بمری
ڕاستە نەتەوەی شێری ژیانی
نەتەوەی پاکی گەلی کوردانی
بەڵام چونکوو کورد ئەوڕۆ بێکەسە
بەشیان لە دنیا کۆت و مەحبەسە
بۆ چارەڕەشیت نەماوە ژینم
قەت پێم خۆش نییە مەرگت ببینم
ئەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
هەزار تێبینی دواڕۆژم لە لایە

سەد چاک و پیرت بۆ دەخولێمەوە
لەبەر سێبەرت بحەسێمەوە
بۆت بەخت دەکەم عومری درێژم
سەد تاڵی و سوێریت لەسەر دەچێژم
نەمامی باڵات بە فرمێسکی چاو
شەو و نیوەشەو لێی دەنێم شەواو
هەر پێگەیشتی دوژمنی زاڵم
دەتبڕێ و بەزەی نایە بە حاڵم
ئەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
هەی خاکوەسەر خۆم ڕەنجم بە بایە

ئەوکاتە دەگەڵ کاکت دوو بە دوو
بکەن هاواری حەقی لە دەست چوو
دەس دەنێو دەست نێن بە ڕاو تەگبیر
یەکتان بە قەڵەم یەکتان بە شمشیر
ئاخ کوڕم پێت خۆشە ئەسیر نەمێنی
سەربەست پێت بڵێم بکەوە شوێنی
قەڵەم دەست دەیە ببە مەکتەبی
وەخت و بێوەخت لە خوێندن نەبی

هۆنراوە: هەژار موکریانی