چەندە خاوە هەور خەیاڵی تەک هەتاو دەعوا ئەکا
خۆر بە تیشکێکی تەنانەت هەوری ڕەش ڕیسوا ئەکا
دێ بە تاوان ماچی گوڵ سوور وشک ئەکا ڕووبار بەڵام
ئەو لە دەشتی قاقڕستان بۆ دڕک دۆعا ئەکا
باسی باخێ تر بکا پەروانە موڕتەد دەرئەچێ
چۆن لە ئایین شەوپەرەستان جەنگ و شەڕ تەک خوا ئەکا
زۆر بەقەدر و قیمەتە مردوو لە لای ئەو بۆیە هەر
دێ بە حۆکمێکی قەلی ڕەش مەرگی شین ئیمزا ئەکا
دەستی قەل سوورە بە خوێنی ئاشتی و عشق و ئەوین
وا لەسەر جانمازی خوێنین نوێژی شەڕ بەرپا ئەکا
دێ شریخەی شاخ و شار و شعر و شمشاڵ و شەپۆل
ئاگری تۆڵە بە سەریان ئاخری هەر دائەکا
دەستبەسەر کەن گەر هەتاوو چەم لە سێدارە بدەن
هەر لە نێو باخی دڵی مە دار بەڕوو باڵا ئەکا
گەر شەقەی باڵی هەڵۆیان بێتە گوێ دیسانەوە
چەن چەقەڵ دەمرێ لەسەر ترس و سەد قەلی ڕەش ڕا ئەکا