ئەوین ئەی نەونەمامی باخی ژینم
هەور ناگا بە ناڵین و برینم
دڵم بۆتە هەواری نامۆرادان
مەڕۆ مەکولێنەوە چیدی برینم
دەکەم یادت هەتا ڕۆژێ دەمێنم
دەمێنم گەر لە یادیشت نەمێنم
دڵی خۆمم لەبۆ کردوویە لانک
خەیاڵی تۆ لەوێدا ڕادەژێنم
شەوێکی ڕەش بوو وەک ڕووی دوژمنانم
کە تۆ ڕۆیشتی ئەی ئارامی گیانم
پەپوولێکم لە دەوری شەم دەسووتێم
دەزانم ئاوری گرتۆ نیهانم
لەسەر ڕوو لادە ڕووبەندت دە تاوێ
هەور لاچێ دەبا ڕۆژ بێتە ساوێ
گڕ و تینم لە تاریکایی ناوێ
ڕوواوم چون لەسەر ڕیشەی هەتاوێ
عەزیزم تاقی ئەبرۆت هەڵتەکێنە
بزەی شیرین لە لێوت هەڵوەرێنە
بە زەردەخەندەیەک ئەی خۆشەویستم
بناخەی ژیانی ژینم هەڵوەشێنە
ئەمن نەمزانی کاکە قەدری لاوی
ئەتۆ قەدری بزانە تاکوو ماوی
بەڕاستی لاوەتی چا سەروەتێکە
کە پیر بووی ئاخری دەمری لە تاوی
هۆنراوە: ڕەسوڵ ڕەش ئەحمەدی (هەڵوەدا)