ئازاد خانەقینی

لە سەیری خەستەخانەی عیشق

بە دەنگی: ئازاد خانەقینی
شێوەزار: سۆرانی
270
عەزاپۆشەکان با بێن و بە دیار مۆمەکانی غەریبییەوە دەرسی عیشق لەلای حەزرەتی مەحوی بخوێنن
هەی بێن و یاقووتەکانی خۆشەویستی بخەینە بەر بارانی خەونە نێزگزییەکان
بێن و گوڵێک لە بەرۆکی پاکیزەیی ئەستێران بدەین
پێکەوە بچینەوە نێو لەزەت و تامەزرۆبوون
هەی بێن و باخچەکان پڕ کەین لە نووری پاکی عیشق و لەبەردەم گوڵالەکانی مەحوییا شەرابێک بۆ ئەوین بخۆینەوە
گۆرانییەک بۆ غەریبی بڵێین

لە ڕۆژێ هەڵدرا ئەم کۆنە خەیمەی تان و پۆ شینە
لە سایەیدا شەرابی بەزمی عوشرەت گریە جۆشینە
دەبینی جێیەک ئەمڕۆ بەزمی عەیش و بادە نۆشینە
سبەینێ زوو زەمانە وەزعی گۆڕیوە، لە نۆ شینە
لە کێ پرسم دڵی بۆ پڕ لە خوێنی حەسرەتە یاقووت؟
عەزاپۆشی چیە و کێیە، جلی پیرۆزە بۆ شینە!
بەهارێکی کە داخۆ بێ، نەیێ، هەی بێن و شینێ کەین
فەلەک هەر شینە، سەحرا شینە، کێو و لێوی جۆ شینە

لە سەیری خەستەخانەی عیشق ئەوی سەوزەی کە وا شینە
لە سەر هەر خەستە دێ خوێندن یاسینە، یا شینە
شەهیدی غەمزەیە بەعزێ، سەقیمی عیشوەیە جەمعێ
دیارە، سەرنویشتی ئەهلی دڵ یا سینە یا شینە

لە سەیری خەستەخانەی عیشق ئەوی سەوزەی کە وا شینە
لە سەر هەر خەستە دێ خوێندن یاسینە، یا شینە
بە سەر دڵ دا لە قاپی فەیزەوە دێ نەشئە پەی دەر پەی
چ غەمزەی دیدە مەخموورێکە ئەم شەو کون دەکا سینە

لە سەیری خەستەخانەی عیشق ئەوی سەوزەی کە وا شینە
لە سەر هەر خەستە دێ خوێندن یاسینە، یا شینە
هەناسەم دا بە ناڵە عەرزی حاڵی کەم کە تاساوە
لە خوێناوی دڵ و جەرگم دەروونم کەیلە تا سینە