بە کوێری دائەنیشم ڕوو لە دەرگا
دەرگایەکی کراوە بەسەر ئەڵقەڕێزی ژەنگگرتووی ساڵە داخراوەکانا
پشت لە وێنەی گەنجێتیی خۆم بەقەد دیوارە خۆڵەمێشییەکەوە
فززەم لە دەم نایەتە دەر
تا گوڵم بۆ دێ لە خزمەت تۆوە
خۆم بە خەیاڵێکەوە سەرقاڵ کردووە
کەس بە پوولێ نایکڕێ
خووم بە شتێکەوە گرتووە
کاڵفامیی نەبێ هیچی تری لێ شین نابێ
دەست لەو ئاوریشمی خەیاڵ و خووەش هەڵناگرم
تا گوڵم بۆ دێ لە خزمەت تۆوە
هەر بۆ دڵنەوایی نەورەس ئەڵێم دەریا جوانە
بۆ کات لەپێکردن
پیاسەی نێو دارستان ئەکەم
بە گاڵتەجاڕییەوە لە درەوشانەوەی ئەستێرە ئەدوێم
بەڵام هەر بە ڕاستیی چاوم بەسەر تەمەوە ئەبڵەق ئەبێ
تا گوڵم بۆ دێ لە خزمەت تۆوە
غەمگینە یان نا ئەو گۆرانییە
چ کارم پێی نییە
ئەمباتە سەر کوێ ئەم ڕاستە شەقامە کێشە نییە
لە هەر شوێنێ بێ لا ئەدەم
گرنگ ئەوەیە لە جێیەک چاوەڕێ بم
تا گوڵم بۆ دێ لە خزمەت تۆوە
تەکلیفی باران ناشکێنم
بە ڕۆحێکی تەنکەوە ئەچمە ناوەڕاستی کۆڵان و
بەدەم گەمەکردنەوە ختووکەی دڵۆپەکانی ئەدەم
لەگەڵ باریندا بە نازێکەوە ڕاوم ئەنێ
ڕا ئەکەم تەڕ تەڕ ڕا ئەکەم
ناوەستم چۆڕەچۆڕ ناوەستم
تا گوڵم بۆ دێ لە خزمەت تۆوە
گڵۆپێ لە خۆم کزتر دائەگیرسێنم
کتێبێ لە خۆم مەلوولتر ئەگرم بە دەستەوە
کورسییەک لە خۆم ماندووتر ڕائەکێشم
وەک قوتابی تەممەڵ خۆم ئەخافڵێنم
وەک بازرگانی مایەپووچ داڵغە لێئەدەم
وەک سەربازی دیل سەرکز و زەلیل دادەنیشم
تا گوڵم بۆ دێ لە خزمەت تۆوە
سووک و ئاسان تارمایی سەوزی خەیاڵێ چەکم ئەکا و
لۆژلۆژ پشت ئەکەمە دوژمن
لەچاوترووکانێکا
لە خوێنا ئەخووسێمەوە و
هەر ئاوڕێکیش نادەمەوە
بەدەم چاوەڕوانییەکی لێڵەوە بەچۆکا دێم
تا گوڵم بۆ دێ لە خزمەت تۆوە
ئەم سپێدە نوورانییە بە عەتری پژاوی سەر سینگییەوە
لەگەڵ خۆی ئەمباتەوە
سەر سفرەی بۆنخۆشی یەکەم بەیانیی جەژن
ئەو دەمەش وەک منداڵ خیشم کردووە و
لە سووچێکدا گرمۆڵە بووم
تا گوڵم بۆ دێ لە خزمەت تۆوە
ئەچمە بالکۆنە لێو تەزیوە قژ تەڕەکە
لەوێوە شەقامێکی خەوتوو
تا ئەوسەری کاڵبوونەوە لە گلێنەمەوە سەر ئەکا
جودان؛ ئەمشەو هەموو شتەکان
وەک شێتبوونی من جودان
پێکەکەم لەسەر لێواری داڵغەیەک دائەنێم و
ورتە ورت گۆرانی ئەڵێم
تا گوڵم بۆ دێ لە خزمەت تۆوە
ژێدەر: لە هەر زامێ خوێنێک/ کۆبەرهەمی بەرزان هەستیار/ دەزگای پەخشی زنجیرە کتێبی گۆڤاری گوڵان/ هەولێر چاپی یەکەم/ ساڵی 2022