هۆمەر نۆریاوی

پیر ئەبین کەسەکەم

بە دەنگی: هۆمەر نۆریاوی
شێوەزار: سۆرانی
275
پیر ئەبم و
هێندەی پشیلەیەکی لاوازم ئەمێنێتەوە
لە شەقامێکی شلۆقا، گۆچانەکەم لێ ئەکەوێ
تۆ دێی، بە میهرێکی غەمگینەوە
بۆم هەڵئەگریتەوە، کەسەکەم

پیر ئەبیت و
هێندەی مامزێکت ئەمێنێتەوە
بە تەنیشتما گوزەر ئەکەی
بە بۆنی 'میسک'دا ئەتناسمەوە، کەسەکەم

پیر ئەبم و
چاویلکەکەم تەڵخ و ڕەش ڕەش؛
ڕوون و سپی
سپی سپی تۆ ئەبینمەوە، کەسەکەم

پیر ئەبیت و
چاویلکەکەت ڕەنگی ئاوی لێ ئەچۆڕێ
لەبەر دەم ماڵی خۆتانا کۆتەرەدارێک ئەبینی
منم، دەرگاتان ئەکووتم، کەسەکەم

پیر و سەرگەردان ئەبم و
غەوارە بە ناوەکەی خۆم
بەڵام کە ئاونگی دەنگت
ئەبارێتە سەر پەلکەگیای لارەملی نائومێدییم
گڕوگاڵی سەر بێشکەشم بیر دێتەوە، کەسەکەم

پیر ئەبیت و
هەرچی پەپوولەی ڕەنگ هەیە دەئاڵێنە کراسەکەت
پاییزانیش پێ بنێیتە هەر باخێکەوە
درەخت، تەعزێی کۆستکەوتەیی خۆی ئەشکێنێ، کەسەکەم

پیر ئه‌بم و
پێڵاوه‌کانم تاکه‌ و تاک ئه‌که‌مه‌ پێم
شیعر به‌ تێکه‌ڵوپێکه‌ڵی ئه‌خوێنمه‌وه‌
تاکه‌ شتێ لێم تێک نه‌چێ
کۆڵانه‌ ته‌نگه‌به‌ره‌کانی فرمێسکه‌، که‌سه‌که‌م

پیر ئه‌بیت و
به‌ سه‌لیقه‌وه‌، چنینی گوڵێک سه‌رقاڵت ئه‌کا
گوڵێک، واق وڕماو به‌ ته‌ماشاکردنی په‌نجه‌کانت، که‌سه‌که‌م

پیر ئه‌بم و
نه‌خۆشیی وه‌ک مێرووله‌ سه‌رم تێئه‌کا
دووکه‌ڵی وڕێنه‌ بنمیچی ژوورم سواغ ئه‌دا
چاوی په‌نجه‌ره‌که‌م ئه‌کزێنێته‌وه‌، که‌سه‌که‌م

پیر ئه‌بیت و ژووره‌که‌ت
مێرگوزار
پێخه‌فت ڕه‌شه‌ڕێحانه‌
په‌نجه‌ره‌که‌ت کریستاڵ، که‌سه‌که‌م

پیر ئه‌بین و
من، سه‌رم که‌ڕوو ئه‌گرێ و تۆ په‌شمه‌ک
من چاوم ته‌م ئه‌گرێ و تۆ تریفه‌
دڵیشمان
ئای دڵمان
چۆڕه‌ چۆڕ هه‌نگوینی لێ ئه‌تکێ، که‌سه‌که‌م

ژێدەر: پیر ئەبین کەسەکەم/ بەرزان هەستیار/ چاپخانەی کارۆ 2016 /دەزگای خاک
ژەنیاری سێتار: حەمە موسلیم