هۆمەر نۆریاوی

ژەنەڕاڵی پاییز

بە دەنگی: هۆمەر نۆریاوی
شێوەزار: سۆرانی
295
منم ژه‌نه‌ڕاڵی پاییز
منی هه‌رگیز ئۆقره‌نه‌دیو
ژه‌نه‌ڕاڵم ژه‌نه‌ڕاڵی هه‌زاره‌ها داری ڕووت و
ملیاره‌ها گه‌ڵای وه‌ریو

منم ژه‌نه‌ڕاڵی پاییز
کاسکێته‌که‌ی سه‌رم هه‌وره‌ و
ئه‌ستێره‌کانی سه‌رشانم چه‌ند گه‌ڵایه‌ک
به‌ ڕه‌نگی زیو
پاڵتۆی به‌رم کزه‌بایه‌ و
شمشێره‌که‌م لقی دره‌ختێکی ڕزیو

منم ژه‌نه‌ڕاڵی پاییز
دره‌ختی ڕووت ئه‌م نازناوه‌ی خه‌ڵات کردم
منیش نازناوی شه‌هیدم دا به‌ گه‌ڵای هه‌ڵوه‌ریوو
کردمه‌ ئازیزم
له‌ یه‌ک ساتا خۆم کۆرپه‌ی گه‌ڵاڕێزان و
هه‌ر خۆشم باوکی پاییزم

منم ژه‌نه‌ڕاڵی پاییز
خوێنێکی زه‌رد به‌ نێو ده‌مارما ئه‌گه‌ڕێ و
چاوم هه‌ر وه‌ک هه‌ور نمناک
ته‌نیا من بووم که‌ له‌ تابووتی شووشه‌دا
چه‌ندین گه‌ڵام سپارد به‌ خاک

منم ژه‌نه‌ڕاڵی پاییز
من بووم له‌گه‌ڵ زریانی بیرچوونه‌وه‌دا
که‌وتمه‌ جه‌نگ و زۆر گه‌ڵام ده‌رهێنا له‌ چنگ
من بووم شه‌وی گه‌ڵاکانم
خسته‌ ژێر باڵی تریفه‌ و ورشه‌ی گزنگ

منم ژه‌نه‌ڕاڵی پاییز
پاییز به‌ بێ من هه‌تیوه‌ و
من بووم وتم به‌ڵێ ته‌رمی نسێی سه‌وزه‌
گه‌ڵای وه‌ریوی کۆچکردوو
ته‌نیا منم که‌ له‌ میحرابی پاییزا
بۆ گیانی زیندووی گه‌ڵاکان
نوێژی شه‌هید دائه‌به‌ستم
ناوی نانێم نوێژی مردوو

ژێدەر: لە غوربەتا/ محەممەد عومەر عوسمان/ چاپی سێهەم ساڵی 2011/ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم