حەیران دەرێ ئەوساریش نەمردین نەورۆزی کوردانمان کردەوە
ئاگری نەورۆز هەڵکرا لە هەر چوار پارچەوە
ئاڵای کوردستان بەرزە بە ئاسمانەوە
پێشمەرگە کاوەئاسا دەمانپارێزێ لە زوحاکەوە
مزگێنی دا بە سروە بای بەهاری
وا هاتەوە نەورۆزی کوردەواری
بە تیشکە تێک شکا سوپای کڕێوە
هەواری ڕۆژ گەیشتە خاکەلێوە
فەرمان درا بە سەوزە سەر هەڵێنێ
چیدی لە بەندی خاکی ڕەش نەمێنێ
وا کیژ و لاویش دەچنە دەر لە دێوە
لە ڕێوە تێکدەگەن ژوانگە کێوە
شادن بە یەک مەل و گوڵ و دڵ و دڵ
بە یەک دەگەن لە بن دەوەن لەسەر چڵ
هەر من لە دووری تۆ هەژار و داماو
دەڕوانمە ڕێگەکەت بە چاوی پڕ ئاو
بەش هەتا لەشم لە تۆوە دوورە
هەنیسک و هەڵمژینی ئەشکی سوورە
خشڵی گوڵان بەژن نەمامی چاوکاڵ
وەرە دەرمخە لەو ژیانی وا تاڵ
من بولبولم لە ناڵەدا بەزاندن
گەرم و گوڕیی دڵم، دڵی تەزاندن
بمگەیە خۆ بنوێنە دڵ بستێنە
بازاڕی گەرمی نازی گوڵ بشکێنە
هۆنراوە: هەژار