ئێوارەیە وا هەڵگرە سا گۆزەیی تازە
ڕێی کانی ئەوا، مونتەزیری جیلوەیی نازە
بەر دەرگەکەتان قیبلەیی ڕووی ئەهلی نیازە
ئێوارەیە وا هەڵگرە سا گۆزەیی تازە
سەر جادە موعەتەر کە بە بۆی خونچە و مێخەک
بەو لەنجەیەوە بەستە بڵێت ورشەیی خامەک
هاڕەی کەمەرە و پڵپڵە و گوارە و کرمەک
ئێوارەیە وا هەڵگرە سا گۆزەیی تازە
چەن جوانی بەرەو مەغریب ئەچی زەردە ئەدا لێت
پرشنگی خشڵ ئەبڵەق ئەکا دەوروبەری ڕێت
ڕۆژی دەمی کەل حازرە بۆ پێشکەشی بەر پێت
ئێوارەیە وا هەڵگرە سا گۆزەیی تازە
ئێوارەیە وا دەرکەوە سا جوانە کچی دێ
ئەی وێردی قسە و بەستەیی گشت کوڕەگەلی سەر ڕێ
سووتاوی جوانیتن هەموو کێیی کوڕی کێ
ئێوارەیە وا هەڵگرە سا گۆزەیی تازە
وەک سوێسکە بڕۆ، ئاسکە نیگای چاوی ڕەش و مەست
پڕ عیشوە بچەرخێنە، ئیتر هیچ مەبە دەربەست
چەن ماڵ ئەڕمی، چەن شل ئەبێ هێزی دڵ و دەست
ئێوارەیە وا هەڵگرە سا گۆزەیی تازە
وەختێ کە ئەکەی چەشنی نەسیم لەنجە بەرەو ماڵ
ئەگریجەی تەڕ پەخشە لەسەر کوڵم و خەت و خاڵ
شەڕیانە شەماڵ، پەنجە لەسەر ڕەنگی ڕەش و ئاڵ
ئێوارەیە وا هەڵگرە سا گۆزەیی تازە