عەلی زەندی

نیاز (سەردەمێک بوو)

بە دەنگی: عەلی زەندی
شێوەزار: سۆرانی
238
سەردەمێک بوو بێ نەغمە بوو باغچەی ژیانم
بێ ورتە بوو ناو هێلانەی بولبولەکانم
لەرەی دەنگی شادمانی و نەشئەم خنکابوو
شەپۆلی بای بەهرە و جۆشم مەنگ ڕاوەستابوو

ناهومێد بووم وام ئەزانی دەردێکە کاری
بەرەو پیری چوون هێناویە دیاریی ئێجگاری
چاوەنواڕ بم سا کەی گەردوون گەردوونی بێ باک
جانەوەری گۆڕ هان ئەدا بمکاتە خۆراک


قوڵپی گەشی خوێنی جوانی دێتەوە لەشم
دیسان شەبەق ئەدا ئاسۆی ئاسمانی ڕەشم
لەو ڕۆژەوە دیومە سیحری زەردەخەنەی تۆ
دنیای دەروون مەلەکانی هاتووتەوە گۆ
سەردەمێک بوو بێ نەغمە بوو باغچەی ژیانم
بێ ورتە بوو ناو هێلانەی بولبولەکانم
لەرەی دەنگی شادمانی و نەشئەم خنکابوو
شەپۆلی بای بەهرە و جۆشم مەنگ ڕاوەستابوو

هۆنراوە: گۆران