هەنگەزەردە ئەبڕێ ڕێی دوور
بۆ بینینی گوڵاڵەی سوور
چۆن بە پێی خۆی دێ گوڵی گەش
بۆ لای شوانی کەپەنکڕەش؟
نەک گوڵێک و نەک سیان و چوار
چەن لە دێدا هەبێ نازدار؟!
بەڵام منی شای گشت هەنگی هەردەی بەهاران
بۆ بینینم خۆیان ئەگرن ڕێی دەشت، نازداران!
سۆزی شمشماڵ ئەخەمە کار دەمی ئێواران
پۆل بە پۆل ژن، شیردۆشی جوان، ئەکشێن بۆ ناو ڕان!
هۆ شوانی بەهرەدار! تێخوڕە چاوەڕێین
ئارایشت تەواوە، ئامادەی هەڵپەڕکێین!
پەرۆشی ئاوازەی بەسۆزی شمشاڵین
بێ سیحری فووی دەمت، بەزم و نۆش بەتاڵین
هەنگەزەردە ئەبڕێ ڕێی دوور
بۆ بینینی گوڵاڵەی سوور
تا نەگەڕێ مێرگی بەهار
دەم نانێتە ناو دەمی یار!
کە مۆڵم دا مێگەلی تێر لەسەر سەوزە گیا:
زەردەی هەتاو ئەگرێتە زێڕ ڕووی دەشت و چیا
هەر نازدارە، بۆ هەڵپەڕکێ جۆشێ لە سەریا
لە شمشاڵم ئەنێ بە ناز ڕووی نیازی جیا!
حەڵقەی چۆپی لەسەر فەرشی گیای قەراغی ئاو
لە بەردەمما هەڵئەپەڕێ گا گورج و گا خاو
منیش چەشنی پەپوولەیەک گوڵ دایبێتە ناو
کێ زۆر شۆخ بێ لەبەر پێیا ئەوەستم تاو تاو!
هۆ شوانی بەختیار! تێخوڕە، درەنگە
بێ شمشاڵ لە دەشتیش وەکوو ماڵ دڵ تەنگە!
تێخوڕە، ئامادەین پاداشتی ئاوازە
تێرت کەین لە قووتی دڵ کە جوانی و نازە!
هۆنراوە: گۆران