ئەرێ با بێتە خوار بێتە خوار هاتە خوارێ لە دارێ
دنیام لێ بووە بە زرێبار هەی لەبەر شەدەلارێ
ئەرێ عەمر و چاوەکەم یارە زێڕی هەژدە عەیارە
جا گەلی دۆست و برادەران تەگبیر بکەن لەو کارە
بابی زیندانی کردووە دەورەی سیمی خاردارە
ئەرێ با بێتە خوارێ و بێتە خوار هاتە خوارێ هەمینێ
باسکم وەبن سەری دە بڵێ ناسکۆڵە و نازەنینێ
ئەرێ هاندەهاندی بەیانان گیانە دۆست و دوژمن زاهیر بوون
جا بە سۆزەی بای پاییزان مومکۆڵەی کیژان خڕ بوون
هەموو عاشق پێک شادن بۆ منە مەڵبەندی نەبوون
جێی جێژوان و شەوڕاوێ لە منی ماڵوێران چۆل بوون
ئەرێ با بێتە خوارێ و بێتە خوار هاتە خوارێ لە لەندی
باسکم وەبن سەری دە دەنا کابانێ دەوڵەمەندی
ئەرێ کەوتوومە بەحری گیانە ڕێیە هات و نەهاتێ
ماڵەبابم لێوئاڵێ دووری دەنگم ناتگاتێ
ماچێک بۆ ڕۆژی جێژن جا بە جەژنانە دەمداتێ
ئەرێ با بێتە خوارێ و بێتە خوار هاتە خوارێ لە دارێ
دنیام لێ بووە بە زرێبار ئای لەبەر شەدەلارێ