ماڵوێران خۆم سەرنج وەری ئاوی چاوم وشکایی نەهات
سەری کاسم چاوەڕوانی کۆشی تۆ بوو ئەی بۆچی نەهات
ئەی بۆچی نەهات؟
بۆچی نایەیت خۆ بڕیار بوو بن ئەم دارە جێژوان بێ
وەکوو ڕۆژان گەڵای وەریو لە تەرزەی ماچ هەراسان بێ
ئەی ئەمێستا هەوارت کوا هەوری سەوزی ئەم دڵەی من
خۆ بەبێ تۆ لێڵە چاوم وشکە کێڵگەی ئەم دڵەی من
ئەی ئەمێستا کە تۆ ونی دەستی هانا بۆ کێ بەرم
لە ڕەهێڵەی ئەم غوربەتە چی بکەمە چەتری سەرم
چی بکەمە چەتری سەرم؟
هۆ دەریاچەی ئەوینی من لە هەر کوێ هەی دەنگ هەڵبڕە
بە دڵی کام بیابانا ڕۆشتی سەر هەڵبڕە، سەر هەڵبڕە
سەر هەڵبڕە و گۆمی سووری چاوەڕوانیم بهەژێنە
سەر هەڵبڕە و ماسیی ڕۆحم لەم زۆنکاوە دەربهێنە