هەی ڕۆڵە شۆڕش پەروەردەکەم
هەی ڕۆڵە شیرینەکەم 'ڕووناک'
خۆزگە شنەی بای بەیانی
بۆنێکی تۆی ئەهێنا بۆم
خۆزگە ئەتزانی یەکجاری چەند بە تاسەی بینینی تۆم
تامەزرۆی هەناسەی بۆنخۆشی بەربینی تۆم
چەند خۆش دەنگت لە گوێمدایە
کۆرپە شیرینەکەی دایە
کە بە زەنگی دەنگی نەرمین
ئەتوت: "دایە، دایەی شیرین
کوانێ بابم؟ کوا لە کوێیە؟
خاڵم لە کام شار؟ کام دێیە؟
نامەیان بۆ هەرگیز نایە؟"
منیش ئەموت: گیانی دایە
بابت لەوێ لە چیایە
تۆش بەو دەستە بیچکۆلانە
کاغەزێکت کرد بە نامە
ئامانەتی نامەت دا پێم
ئەتزانی من بۆ ئێرە دێم
جوابی نامەت داوا کرد لێم
ئازیزە دڵ خەمینەکەم 'ڕووناک'
'ڕووناک' ڕۆڵە شیرینەکەم
ئەوە منیش لە سەنگەری ئەوانەوە
لە سەنگەری شۆڕشی کوردستانەوە
یادگارە شیرینەکەی یادی بابت
لە جیاتی وان وا خۆم دەنووسمەوە جوابت
نەکا دڵە بیچکۆلەکەت بە دووری دایەش خەمین بێ
نەکا نێرگزی چاوەکانت لێڵی شەونمی ئەسرین بێ
خاڵ و بابە پێشمەرگە بوون
بەشوێن خۆری بەهارە چوون
خۆری گەشی ئاسمانی ڕوون
بەهارێ کە هەموو مناڵ دەوریان پڕ بێ لە باب و خاڵ
نە تۆ، نە ئازاد، نە گەلاوێژ، نە خەیاڵ، نە هیچ مناڵ
چاوتان نەشێوێ بە ئەسرین
لێوتان پڕ بێ لە پێکەنین
یان دەنگی سروود و کایەتان
یان نەغمەی دایە دایەتان
بچێتەوە ئاسمانی پاک
چاوە ڕاستەکەمی 'ڕووناک'
تاسەم لێت نەشکا جوانێ گیان گیانی شیرینم
وا من ڕۆیشتم ئەی هاوار سا کەی بتبینم
وا من رۆیشتم ئازیز گیان سا کەی بتبینم
دڵ کەیلی شەوقی ئازیز گیان ئاسۆی گەشی دوور
بە بێ کۆ کردن هەی یاران لە کۆست و سنوور
وێنەی پەپوولەی ئازیز گیان شەوگاری سامناک
باڵ دەوەشێنم هەی یاران بۆ تیشکی ڕووناک
تا ڕۆژی ژینی ئازیز گیان سەربەست و ئازاد
سەربەست بتبینم ئازیز گیان سەربەست و دڵشاد
هۆنراوە: ڕێبوار شێخولئیسلامی