مستەفا دادار

باخچەی پاشا (گوڵی خوێناوی)

بە دەنگی: مستەفا دادار
شێوەزار: سۆرانی
382
بڕوانە شاییە چۆپییە لەو ماڵە
گوێ بگرە دەهۆڵە، زوڕنایە، شمشاڵە
زەرد و سوور تێکەڵاون ژن و پیاو هەرایە
سا توخوا خێرا کە با بڕۆین دەس بگرین
بە کامی دڵداری کە وا پێکەوە، پێکەوە هەڵپەڕین
گوڵ نەبێ بۆ سەرم زەرد چەپکێ ئاڵ چەپکێ
نایەم بۆ زەماوەن، نایەم بۆ هەڵپەڕکێ
کچ لە ڕێی جوانیتا، کچ لە ڕێی جوانیتا
کچ لە ڕێی نیونیگای هاتوچۆی کانیتا
پایزە گەڵای دار ڕژاوە باخ ڕووتە
گوڵ کوانێ! گوڵ لێوی بە بزە پشکووتە
گوڵ نەبێ بۆ سەرم زەرد چەپکێ ئاڵ چەپکێ
نایەم بۆ زەماوەن، نایەم بۆ هەڵپەڕکێ
بتدایە دڵ بە من بە هەموو مەعناوە
دوو چەپکت بۆ دێنام لە باخچەی پاشاوە

لەو ناوە هەر هاڕەی هەیاسەی تۆ نایە
باخچەی پاشا لەوبەر ئاوە لەوبەر ئاوە
خێڵی دوژمن دەورەی داوە
ئەڕۆم ڕێگام لێ گیراوە
ناڕۆم چاوکاڵ لێم تۆراوە

باخچەی پاشا ورد گەڕام خوار و ژوور
زەرد هەبوو بۆم چنیت، چنگ نەکەوت گوڵی سوور
نازانم ئیتر دێیت بۆ شایی و هەڵپەڕکێ
نا، نایەم بۆ سەرم سوور چەپکێ
نازانم ئیدی دێیت بۆ شایی و هەڵپەڕکێ
نا، نایەم گوڵ نەبێ بۆ سەرم سوور چەپکێ

ناتەوێ ئەم زامی سەر دڵەم لەباتی؟
هەی هاوار تفەنگی دوژمنیش پێکاتی؟
ڕاکشێ تاوێ سەر بنێ سەر ڕانم
با بگریم بۆ دڵێ، بۆ گوڵێ دۆڕانم

هۆنراوە: گۆران