لە یەکەم ڕۆژی بەهار گوڵان دەم ئەکەنەوە
جۆش و خرۆشی جوانی وە بیرم ئەخەنەوە
نازاری، جوانی دیاردەی جوانی بەهارە
دڵداری و دەزگیرانی لە لای یارا دیارە
نەغمەی بولبول، قاسپەی کەو نەسیمی بەربەیانی
دڵان دەخاتە ویرەی بەزم و نەزمی گۆرانی
بەهار و جەژن و شادی دێنە کۆڕی دڵداری
پەیمانی بەردەوامی دەبەستن بە یەکجاری
هاژەی تاڤگەی ڕووباران لە دیمەنی بەهاران
دڵان دەخاتە بیری دیداری تازەیاران
پەیمان و بەڵێنی لە بەهارا پیرۆزە
دڵداری و دەزگیرانی وەک بەهار و نەورۆزە
کە داپیرەی نیشتمانم ئاڵای بوونی گەلەکەمی دایە دەستم
پێی سپاردم هەتا چیا بەپێوەیە، هەتا ڕووبار بەڕێوەیە
هەتا کەسێک لەم جیهانە بە زمانی کوردی بئاخێوێ
دەبێ ئاڵای نیشتمانم بەرز بەرز، قورس و قایم شەکاوە بێ
فیداکاری و تێکۆشانم لێوەشاوەی نەوەی ئەم چەرخەی کاوە بێ
نەورۆز و بیرەوەری کورد و کاوە و سەرکەوتن
دڵان دەخاتە بیری هاوپێوەندی و یەکگرتن
پیرۆز بێ پیرۆز بێ بەهار و جەژنی نەورۆز
پیرۆز بێ پیرۆز بێ لە کۆمەڵانی دڵسۆز