دڵێ گیرۆدەی زوڵف و خاڵ نەبێ
شێواوی ئیشوەی چاوی کاڵ نەبێ
ئاواتەخوازی لێوی ئاڵ نەبێ
لە بۆتەی عەشقدا زیوی قاڵ نەبێ
ئەو دڵە یاخوا یاخوا بەر خەنجەر درێ
وەک کۆتەی قەساب لەت و پەت کرێ
دەمێ بە زیکری یار نەکرێتەوە
زووخاوی جەرگی پێ نەسڕێتەوە
گرەوی عەشقی پێ نەبرێتەوە
شوکری جانانەی پێ نەدرێتەوە
ئەو دەمە یاخوا یاخوا ئەنجن ئەنجن بێ
خنکاوی بەحری خەمی بێ بن بێ
عەقڵێ وەک عەبد و خزمەتکار نەبێ
لە قاپی یارا فیداکار نەبێ
لە ساحەی عەشقدا چاپووکسوار نەبێ
لە حیلەی ڕەقیب ئاگادار نەبێ
ئەو عەقڵە یاخوا یاخوا بەشی شێتی بێ
خوێڕی و کۆڵانکۆڵ هەر پاپەتی بێ
هۆنراوە: فەوزی