عەدنان کەریم

لەبەر دەرگە

بە دەنگی: عەدنان کەریم
شێوەزار: سۆرانی
313
شەو ڕاشکا
ئەژنۆم شل بوو
مانگ بە تاقی ئاسمانەوە هەڵپڕووکا.
دەرگەکەتم لێ بکەوە
ئەمشەو هاتووم
بۆ چنینی چەپکە نێرگزێکی چاوت
بۆ وچانێ
بۆ خەونێ، تۆزە گریانێ،
لەسەر هەوری قژی خاوت...

ئەمشەو هاتووم،
ترووسکایی شاری یادگار بانگی کردووم
لەگەڵ سیمای مناڵیما
لەگەڵ خەمی شۆڕەبیما
هاتووم و ناگەڕێمەوە.
یا پێت دەگەم
یا وەک مۆمێک
دەسووتێم و دەتوێمەوە...

دەرگەکەتم لێ بکەوە
هەر دڵدارەکەی جارانم
هەر کێڵگەکەی بەردەرگەتم
هەر تینووەکەی بەر کڕێوە و با و بارانم...

دەرگەکەتم لێ بکەوە
من ئەو کەسەم
تا دوێنێ بوو
لەناو گەرووی ڕووناکیدا دەتشاردمەوە
لەناو جامی مەترسیدا دەتخواردمەوە...

دەرگەکەتم لێ بکەوە.
کفت و مانووی ڕێگەی دوورم
وەکوو جاران
کەمێک لە لات دەمێنمەوە و ڕادەبوورم...
هۆنراوە: #عەبدوڵڵا_پەشێو
ناردنی دەق: ئاسۆ پیری
پێداچوونەوە: چریکەی کورد