محەمەد ماملێ

بە زولف و ڕوخسار

بە دەنگی: محەمەد ماملێ
شێوەزار: سۆرانی
386
ئەرێ ئەی بە زولف و ڕوخسار سەنەمی چین ماهی تابم
دەمەکە و خەندەکە و نیگاهت نەمەک و مەزەی شەڕابم
من لەبەر نیگاهت بمرم، تۆ سەری غەمزەکەی جەلابم
بڵێ پێم گوڵەکەی بەهاری لە تۆ تا بە کەی جودا بم؟
وەرەوە، بە شەرتی جاران، ڕۆژی سەد جارت فیدا بم

لە وێرانەی دڵی شێواوم شین و واوەیلایە و ڕۆڕۆ
ئاورێک بەربۆتە هەناوم دێتە دەر لە هەناسەم بۆ سۆ
بووم بە ئەفسانەی وڵاتان: شار بە شار، ماڵ بە ماڵ، کۆ بە کۆ
خاڵی چاوت، گۆشەی ئەبرۆ، دوو دینیان کردم لەسەر تۆ
یان بمکە پیری مەیخانە، یا موریدی خانەقات بم

ڕووحەکەم ڕووی خۆت بنوێنە، تا بە کەی کوشتەی نازت بم؟
دەمەکەت بە تەکەللوم بێنە، تا نەمردووم هەمڕازت بم
جارێک بە کەرەم بمدوێنە بە فدای دەنگ و ئاوازت بم
مەیلی ئەبرۆی تۆ قەد نانێم غەمزەدەی چاوەکەی بازت بم
من کە هات و قیبلەم گۆڕی، یا خوا کافر بێ جەلابم!

عاشقی وا دەبێ، بە هەموو دەم چاو پڕ ئاو، دڵ پڕ ئاو و مەحزوون
پێی هەوای بشکێ، پێی نەمێنێ غەیری هوو لە دەروون و بیروون
خاکی ڕێی دڵبەری لێرانە سورمەیە بۆ چاوی پڕخوون
سەگەکەی ڕێبازی لەیلێ وەرە سەر دوو چاوی مەجنوون
دونیام ئەو ڕۆژە لێ ڕوونە خاکی بەرپێی ئاشنا بم