دایە گیان بگری لەسەر خاکم کەوا شینم دەوێ
زۆر بگریێ دایە گیان فرمێسکی خوێنینم دەوێ
من گوڵی سەد ئارەزووی ژینم لە خاکا خەوتووە
خاکی مەیدانی خەبات ڕەنگینی خوێنی من بووە
دامەنیشە دایە گیان بۆ هاتنی من چاوەڕێ
دڵنیا بە، بەسیەتی، بۆ دەنگی دەرگا مەگرە گوێ
دایە گیان سوێندم بە فرمێسکی گەش و ئێشی دڵت
دایە گیان سوێندم بە جەور و مەینەتی بێ حاسڵت
من دەمێکە جەرگی سووتاندووم هەناسەی سەردی گەل
دڵپڕی کردووم خەمی دەسکورتی و ڕەنگی زەردی گەل
من کوڕی کوردی شەهیدی ڕێی خەباتم دایە گیان
کۆتری خوێنین پەڕی باخی وڵاتم دایە گیان
هەر وەکوو بێگانەیێ دڵ پڕ لە ناکامی و گرێ
لەم هەموو دەستە نەبوو دەستێ کە بێ و دستم گرێ
من لە شاری خۆم غەریب و بۆ هەموو بێگانە خوم
کۆتری کوژراوی ڕێگای لانە خوم, بێ لانە خۆم