نەجمەدین غوڵامی

نیگار

بە دەنگی: نەجمەدین غوڵامی
شێوەزار: سۆرانی
306
نیگار سەیری ئەویندارانی خۆی کرد و نەبوو بایی
ئیتر کۆژانی ڕۆژانی هەموومان هاتە کۆتایی
سەری سەودای سەما پێ خست و سامانی سەری بردم
گەهێ شێتی شەوی شارم دەمێ هی ڕۆژی ئاوایی

دەهۆڵ و دووزەلە و زوڕنا کپ و بێ نەشئە بوون سەرجەم
کە یار پاشایی هات شایی خرۆشا جۆشی تێ زایی
بە شۆعلەی عەشقی پڕتاوی وەها شێواو و سووتاوم
لە جەرگم خوێن دەبارێت و لە چاوم ئەشکی بێ دوایی

کە دڵبەر پێکەنی زوو دڵ بەری گرت و وتی یاران
گەلێکم خوێن مژا هیچ کەس بە هیچ نابێ لە خۆڕایی
مەڕەنجێ تۆ بڕەنجی گەنجی ڕەنجی من بە با دەڕوا
دەبێ چەشنی هەتیو بگریم لە پاڵ دیواری تەنیایی

سروشتی دوونە گەردوون گەر دڵت ڕۆحم نەلاوێنێ
گوڵی عومرم دەژاکێنێ خەم و ئازار و ڕاڕایی
بە بێ عەشق و ئەوینی تۆ ژیان بێ فەرقە بۆ کوردۆ
چ ئاو بێت و چ ئاگر بێ چ شیوەن بێت و چ شایی