مریەم خانەساز

لای لایە

بە دەنگی: مریەم خانەساز
شێوەزار: سۆرانی
275
ڕۆڵە کۆرپەکەم ئارامی گیانم
خونچەی گوڵزاری باخچەی ژیانم
جگەرگۆشەکەم، بەرهەمی ژینم
سەروەت و ماڵم، ئایین و دینم
هێز و تەوژمم بینای چاوانم
هاودەنگی بەزمی ڕۆژ و شەوانم
ڕۆڵە گیان مەگری مەگرە بەهانە
بنوو درەنگە بەری بەیانە
هەی لایە لایە کۆرپەی ساوایە
کوێر بێ ئەو چاوەی بۆ تۆ هەڵنایە

هەرچەن تۆ دەگری جەرگم کەبابە
من بۆ تۆ چۆنم، تۆش بۆ من وا بە
هەتا ئێستاکە منداڵی وردی
خەڵف و نەمامی بێستانی کوردی
هیوام زۆر پێتە وەک باب و کاکت
ببیە سەربازی نەتەوە و خاکت
باب و باپیرت، خزم و کەس و کار
زۆریان کێشاوە مەینەت و ئازار

زانا و خوێندەوار، چاو و دڵ تێر بی
ڕۆژی تەنگانە پڵنگ و شێر بی
تۆش وەک ئەوان بە؛ نەترس و نەبەز
بازی کێوی بە! نە کەوی قەفەس
هەی لایە لایە کۆرپەی ساوایە
قەزات لە گیانم تاقانەی دایە