بە دەربەدەری یان لە ماڵی خۆم
لە خاکی عەرەب، لە عێران و ڕۆم
بە بۆنەی تۆوە کە من لەو شارە وێڵم
کوا دڵم دێڵێ کە تۆ بەجێ بێڵم
کۆک و پۆشتە بم، ڕووت و ڕەجاڵ بم
کۆشکم دە قات بێ، وێرانەماڵ بم
بە بۆنەی تۆوە کە من لەو شارە وێڵم
کوا دڵم دێڵێ کە تۆ بەجێ بێڵم
ئازا و ڕزگار بم شادان و خەندان
یان زنجیر لە مل لە سووچی زیندان
بە بۆنەی تۆوە کە من لەو شارە وێڵم
کوا دڵم دێڵێ کە تۆ بەجێ بێڵم
ساغ بم جحێڵ بم بگرم گوێسوانان
یان زار و نزار لە نەخۆشخانان
بە بۆنەی تۆوە کە من لەو شارە وێڵم
کوا دڵم دێڵێ کە تۆ بەجێ بێڵم
دانیشم لەسەر تەختی خونکاری
یان لە کۆڵانان بکەم هەژاری
بە بۆنەی تۆوە کە من لەو شارە وێڵم
کوا دڵم دێڵێ کە تۆ بەجێ بێڵم
کوردم و لە ڕێی کورد و کوردستان
سەر لە پێناوم گیان لەسەر دەستان
بە بۆنەی تۆوە کە من لەو شارە وێڵم
کوا دڵم دێڵێ کە تۆ بەجێ بێڵم
بە کوردی دەژیم بە کوردی دەمرم
بە کوردی دەیدەم وڵامی قەبرم
بە بۆنەی تۆوە کە من لەو شارە وێڵم
کوا دڵم دێڵێ کە تۆ بەجێ بێڵم
بە کوردی دیسان زیندوو دەبمەوە
لەو دنیایەش بۆ کورد تێ هەڵدەچمەوە
بە بۆنەی تۆوە کە من لەو شارە وێڵم
کوا دڵم دێڵێ کە تۆ بەجێ بێڵم