ئەی تازە جەوان! پیرم و ئوفتادە و کەوتووم تا ماوە حەیاتم
دەستێ بدەرە دەستی شکستەم، کە بەسەر چووم قوربانی وەفاتم
تۆ یووسفی نەوحوسنی لەسەر میسری جینانی من پیرم و فانی
لەم کوڵبەیی ئەحزانە نە زیندووم و نە مردووم هەروا بە تەماتم
بێرۆ کیژەکەی جوان یارم تۆ شیرین گیان
بە حاڵی زار و هاوارم ڕەحمێ بکە قوربان
قوربانی وەفاتم هەر خوەم بە فیداتم
فەرقێکی نەکرد نەفسی نەفیسم بە عینایەت وەحشی لە ویلایەت
لەم گۆشەیی وێرانەیە هەر مامەوە وەک بووم وەیشوومی وڵاتم
ئەی قوببەیی تەیبە کە دەڵێی حوققەیی تیبی! مەئوایی حەبیبی!
مسکینم و بەو خاکە عەترناکەوە هاتووم* بەو بۆنەوە هاتم
بێرۆ کیژەکەی جوان یارم تۆ شیرین گیان
بە حاڵی زار و هاوارم ڕەحمێ بکە قوربان
قوربانی وەفاتم هەر خوەم بە فیداتم
هەرچەندە کە من عەبدم و ڕووزەردم و عاسیم مەئموولە خەلاسیم
قوربانی بیلالم کە لالانە* هەڵاتووم هەر عەفوە خەڵاتم
ئەی تازە جەوان! پیرم و ئوفتادە و کەوتووم تا ماوە حەیاتم
دەستێ بدەرە دەستی شکستەم، کە بەسەر چووم قوربانی وەفاتم
بێرۆ کیژەکەی جوان یارم تۆ شیرین گیان
بە حاڵی زار و هاوارم ڕەحمێ بکە قوربان
قوربانی وەفاتم هەر خوەم بە فیداتم
هۆنراوە: نالی
*= ئەو بەشانە لە دیوانی شاعیردا بە شێوەی "مسکێنم و بۆ خاکی عەترناکە کە هاتووم" و "هیلالانە" هاتووە.