هیجری تۆ چەند سەختە دولبەر، ماڵەکەم وێرانە بۆت
ڕۆژ و شەو غەمباری ڕووتم، دیدەکەم گریانە بۆت
ئەشکی چاوم بادەیە، ناڵەی دڵم عەینی نەیە
خاک بەسەر بێکەس لە حەسرەت، جەرگەکەم بوریانە بۆت
ئەی نیگاری نازەنین، لەو ڕۆژەوە دووری لە من
سەیلی دیدەم وا بە خوڕ دێ، هەر وەکوو سیروانە بۆت
شکا پشتم، بڕا جەرگم، لە حەسرەت وردە خاڵانی
خودایە بۆ نەما، عەهد و قەرار و مەیلی جارانی
هیجری تۆ چەند سەختە دولبەر، ماڵەکەم وێرانە بۆت
ڕۆژ و شەو غەمباری ڕووتم، دیدەکەم گریانە بۆت
ئەشکی چاوم بادەیە، ناڵەی دڵم عەینی نەیە
خاک بەسەر بێکەس لە حەسرەت، جەرگەکەم بوریانە بۆت
ئەی دڵە بەسیە لە غەم، بۆچی ئەناڵی ڕۆژ و شەو
شەهدی لێوی دولبەرت، بۆ دەردی تۆ دەرمانە بۆت
دەمێکە من لە غوربەتدام، غەریقی بەحری حیرمانم
بەبێ گوڵ خونچەدەم، دایم موقیمی کونجی گریانم
دڵم هاوینە بۆ وەسڵی، بەڵام ئەو مەیلی زستانە
خەزانی بۆیە کرد خەڵکینە، عومری وەک بەهاری من
هۆنراوە: #ئەحمەد_موختار_جاف