ئەی سەرگەردانی مانوو
لیقەوماوی بێخانوو
ئەی ماڵ و منداڵ لە کۆڵ
ئاوارەی نیشتمان چۆڵ
ئەی برای کوردستانی
کەی مافی خۆت ئەستێنی؟
ئەی باڵندەی بێ هێلان
ئەی وەیلانی بەستەزمان
لەو دەشت و دۆڵ و کێوە
دوو کۆڵ ئەبەیت بە ڕێوە
کۆڵێ ماڵ و منداڵت
تەزاندوویەتی باڵت
کۆڵی خەمی وەیلانی
دڵت گرتوویە شانی
بارت قورس و پێ پەتی
ڕێبواری ڕێی مەینەتی