
هەر دەژیم و سەربڵندم تاکو ڕۆژی مردنم
من بە پێوە گیان ئەدەم قەت ناکەوم بۆ دوژمنم
من لەسەر بستووی ژیانا کۆنەدارم نانەوم
من قەڵای ئەرکم بە تۆپی ڕووس و عوسمان ناکەوم
گەر تەواوی تاروپۆی ژینم لەبەریەک هەڵبڕی
جەرگی خۆم و لاوەکانم هەر وەکوو گورگ هەڵدڕی
گەر بە خوێنی جەرگی خۆم سووری بکەم من دیمەنم
ملکەچت نابم دەبێ بمری بە مەرگت پێکەنم
گەر منداڵ و دایک و بابم تۆ بخەیتە ناو کڵت
شەرتە ئاخێکیش نەکێشم داخ بنێمە سەر دڵت
من دەگەڵ تۆ دوژمنی کورد هەر سەری جەنگم هەیە
تاکو سەرکەوتن بەشەڕ دێم قەسد و ئاهەنگم هەیە
هۆنراوە: ڕەسووڵ کەریمی (سووتاو)