ئازاد قەرەداغی

سوجدەی پیری

بە دەنگی: ئازاد قەرەداغی
شێوەزار: سۆرانی
310
گەرچی پیرم وا کەوتووم لە گۆشەوەم
بە دڵ بە دوای کچێکی تەڕپۆشەوەم
لە ڕێی عەشق و ئەوین ژینم بە با چوو
سەیرە ئێستاش هەر وا بە پەرۆشەوەم

پیر نابێ دڵ چەند هەڵکێشاوە تەمەن
هەر لە هەڵپە و ئارەزووی ئەو کۆشەوەم
هەناسەم دەیشەکاند شۆڕەبی قژت
هەر بە مەیل دیتنی ئەو سەرپۆشەوەم

خەرمانی ژین بوو بە خۆڵەمێش سووتا
هەر بە یادت وا لەو خەوە خۆشەوەم
ئاخ پیری چ کۆستێکی چەند کوشندەی
بەو پیرییەش هەر بە هیوای تۆشەوەم

با باڵام وەک برۆی کەوانی تۆ بێ
وەک لاو لە ڕاوی چاو و ئەبرۆشەوەم
هێمای سوجدەیە پیری و خۆچەماندن
خۆ بە لاویش بۆت هەر لە کڕنۆشەوەم