ئەی وەی ئێواران لاجان خۆشە سبحەینان بەری مێرگان
خۆشە دەگەڵ یارێ بی لە کوێستانی سامڕەندان
جووتێ گوارەی بۆ دەکڕم لە دوڕ و لەعل و مەرجان
جا با لێوئاڵ لە گوێی کا ئاوەدان بێ شاروێران
ئەی وەی کۆڵوانەسوور تۆبە بێ و چارۆکەسوور تۆبە بێ
من ئەو یارەم خۆش دەوێ فێری تاوڵ و هۆبە بێ
لەسەر باڵای بەرزی تۆ ئێعدامم بۆ سادر بێ
ئەی وەی من حەزرتی خدری نیم هومرێکی توولانیم بێ
لێقەوماو و فەقیرم هیچکەس بە دەستەم نەبێ
هات ڕابرد بەژنێ باریک یاخودا بە چاوە نەبێ
شەش دانگ موڵکی موکریان قوربانی ئەو چاوەت بێ
ئەی وەی کۆڵوانەسوور تۆبە بێ و چارۆکەسوور تۆبە بێ
من ئەو یارەم خۆش دەوێ فێری تاوڵ و هۆبە بێ
لەسەر باڵای بەرزی تۆ ئێعدامم بۆ سادر بێ
ئەی وەی مەشموول مەشموول پەیدا بوو خۆزگەم بەوانە پیرن
بە سەربازیان نووسیوم دەمبەن بۆ قەسری شیرن
خۆزگەم بەو جەحێڵانە کە دەستیان بە مەمکان گیرن
ئەی وەی هەم نارنجە و هەم سێوە هاوار یا شێخی کڕێوە
غەم و مەراقی یارێ ویشکی کردووم بە پێوە
یاخودا نەبارێ باران تاقە گوڵەکەم بە ڕێوە
دایکی مەمکی داوەتێ و کوا وەک ئەمنی خۆش پێوە
یاخودا دڵی نەرم بێ ماچ کەم خاڵی ئەو لێوە
ئەی وەی سنگت تەختە بۆ لاوان چۆن حاڵیت کەم بە چاوان
کورتە نازدارەیەی باوان سەبرێک هەڵبێنی چاوان
لەبەر ئەو سینگەت دەمرم بۆتە هەسانی ساوان
پیاو ناوێرێ بیدوێنێ لەبەر فڕ و لاتاوان
سەر و ماڵم دەفرۆشم بەڵکوو هەڵبێنی چاوان
ئەی وەی چەن چاوەڕوانی لەیلێم عەجایب بۆچی نەهات
یاڕەبی خودایە خێر کەی ئەو ڕەنجەم نەدەی بە باد
یاخودا لێت مومبارەک بێ نایلۆن و کراسی ژۆژیات
شەرتە ئەو گوڵەم میوانە نایەڵم سێ ڕۆژ بڕوات
ئەی وەی کۆڵوانەسوور تۆبە بێ و چارۆکەسوور تۆبە بێ
من ئەو یارەم خۆش دەوێ فێری تاوڵ و هۆبە بێ
لەسەر باڵای بەرزی تۆ ئێعدامم بۆ سادر بێ
ئەی وەی بەو سوێندە و بەو ئایەتە سینگت خامی کەڵگەتە
دەبەر ئەو گەردنەت دەمرم دەڵێی بڕنووی وەسەتە
خزمینە مەمکەن لۆمە بۆ باڵای جەرگم لەت لەتە
سابڵاغی بە خڕی پێ بدەی هێستا نیوە قیمەتە
ئەی وەی گەر یارم قەولم داتێ وەدەزانم ئەمن شام
خۆ گلەیێم کرد لە یارێ نێوچاوانی لێ تێک نام
هەڕەشەی کرد و ڕۆیی "دە بڕۆ نێیەوە بۆ لام!"
بە قوربانی ئەو چاوەت بێڕووت و حەڵەب و شام
ئەی وەی کۆڵوانەسوور تۆبە بێ و چارۆکەسوور تۆبە بێ
من ئەو یارەم خۆش دەوێ فێری تاوڵ و هۆبە بێ
لەسەر ئەو چاوە جوانەت با زیندانیم نۆبە بی
ئەی وەی نەخۆش دەردەدارم دەردەکەم بێ دەوایە
عیلاجی دەردم ناکرێ بە حەکیمی دنیایە
خۆم و دڵەکەی کۆسکەوتووم کەوتمە داوی لەیلایە
دایکی دەڵێی پێشکێشە منداڵە و مارەی نایە
بەینەڵڵا ئەو گوڵە جوانە چاوی لەبەر هەڵنایە
ئەی وەی لەبەر ئەو بەژنەت دەمرم هەڵچووە وەکوو منارە
خزمینە لۆمەم مەکەن تازەم گرتووە ئەو یارە
بمکوژن، بمسووتێن دەسهەڵگیر نیم لەو کارە
یاخودا ئاگاداری بێ سەد جار ئەو شێخی بیارە
ئەی وەی کۆڵوانەسوور تۆبە بێ و چارۆکەسوور تۆبە بێ
من ئەو یارەم خۆش دەوێ فێری تاوڵ و هۆبە بێ
لەسەر ئەو چاوە جوانەت با زیندانیم نۆبە بێ
ئەی وەی چاوت لێڵە بۆ خەوێ باریکەی خاسەکەوێ
شل دەبەستێ پشتێنێ لێم حەرام دەکا خەوێ
سەرم لێی تەعجووب ماوە دانیشتووە سەر بە هەوێ
ئەو گەردنە زەردەت بێنە با دەمم ڕەو خاڵت کەوێ
شەرتم کردووە و دەتهێنم نەمێنێ و نانی شەوێ
ئەی وەی هانێ جەرگم هەڵدڕە بە دەبان و نەشتەری
چەندم جێژوان دەگەڵ کرد بەر پەنجەرە و دوودەری
هێشتا لێم بووە بە ناشی دەڵێ کابرا کوێندەری
یاخودا لێت ممبارەک بێ کێش و واڵ و کوودەری
لەبۆ گەرمای هاوینێ بمکاتە چەتری سەری
هەموو کەس دۆستی خۆی گرت من و تۆم خۆڵمان بە سەری
ئەی وەی کۆڵوانەسوور تۆبە بێ، چارۆکەسوور تۆبە بێ
من ئەو یارەم خۆش دەوێ فێری تاوڵ و هۆبە بێ
لەسەر باڵای بەرزی تۆ با ئێعدامم سادر بێ
ئەی وەی هەرچەندی من حەولم دا یار ببێ بە حەڵاڵم
چ بکەم خودا نەیدامێ پشتە دەگەڵ ئیقباڵم
دەگێڕم گەرمەشینێ کافر نەبینێ حاڵم
لەبەر دووری و بێکەسی زۆر شەکەت و شەڵاڵم
ئەی وەی کۆڵوانەسوور تۆبە بێ، چارۆکەسوور تۆبە بێ
من ئەو یارەم خۆش دەوێ [فێری تاوڵ و هۆبە بێ
لەسەر باڵای بەرزی تۆ ئێعدامم بۆ سادر بێ]