
وتم سڵاو خاڵۆی جووتیار
بۆ وا خەمبار و دەستەوئەژنۆ لە سێبەری پیرەدارا دانیشتووی؟
بۆچی زەوییەکەت ناکێڵی؟ خۆ وەرزی کێڵان هاتووە!
وتی ڕۆڵە گیان ناوێرم!
دەستم تێی ناچێ بیکێڵم
نا نا نا... نایکێڵم!
ئەڵێم نەوەک لە ژێر کێڵگەکەی منیشدا گۆڕێکی بە کۆمەڵ هەبێ
ئێسک و پروسکیان بشێلم
نا نا نا... ڕۆڵە نایکێڵم!
لە کوردستان گوندێک نییە
شارێک نییە
شارۆچکەیەک، بنار شاخ و بەردێک نییە
خوێنی لەسەر نەڕێژرا بێت
پێشمەرگەی تیا نەجەنگا بێت
گۆڕستانێک نایەتە ڕێت سەدان شەهیدی ئەم گەلە بە خاکەکەی نەسپێردرا بێت
هەر بستێکی ئەم خاکە پیرۆزەی کوردان ڕەنگە گۆڕی کۆرپەیەکی بێتاوان بێت
ژێر هەر کۆشک و تەلارێکیش
هەر دەشتایی و بنار شاخێکیش
پڕ لە تەرم و ئێسک و پروسکی ورد بێ
ڕەنگە گۆڕێکی بە کۆمەڵی کورد بێ
ڕەنگە گۆڕێکی بە کۆمەڵی کورد بێ