وا سی ساڵە نیشتیمانم پڕ ئازارە و ئازارەکەی نابڕێتەوە
بە دەست دۆست و دوژمنانی ببینن چۆن ئەتلێتەوە
وا سی ساڵە مەرگ و کۆچی ئازیزانی ئەیتاسێنێ
ڕۆژێ نییە فرمێسکی خەم بۆ سەفەریان نەوارێنێ
من دڵنیام ڕۆژێ هەر دێ باوشی ئەم نیشتیمانە
بۆ خەمخۆرانی واڵایە و لە زۆڵەکورد پەشیمانە
ڕۆژێ بە ناوی ئازادی یا فریوی دیموکراسی
ڕۆژێ مژدەی مافی مرۆڤ، ڕۆژێ خەونی سەربەخۆیی
ئەمانە گشت درۆیەک بوون لە ئێستا و لە ڕابردوودا
هەرچی دزی و تاڵانیش بوو هەر بە ناوی تۆوە دەکرا
من دڵنیام ڕۆژێ هەر دێ باوشی ئەم نیشتیمانە
بۆ خەمخۆرانی واڵایە و لە زۆڵەکورد پەشیمانە
ڕۆژێ نییە داخێک نەنێن بە دڵی پڕ ئازارییەوە
ئەم نیشتیمانە بەدبەختە خەم لە یەخەی نابێتەوە
ڕۆژێ دەربار، ڕۆژێ خائین، لە تۆ دەکەن بە شۆڕشگێڕ!
ئەوانەی کە شایستەت بن بە زیندوویی دەیخەنە گۆڕ
هەرچەندە تۆ نیگەرانی، ئەوان مەستی پارە و کورسین
بێباک لەوەی حەڕاج دەکرێی، هەر خەریکی هەلپەرستین
من دڵنیام ڕۆژێ هەر دێ باوشی ئەم نیشتیمانە
بۆ خەمخۆرانی واڵایە و لە زۆڵەکورد پەشیمانە