مامە کوڕنووی ڕاکشاوی گردەکەی سەیوانەکەم
سەر ڕەحەت، دڵ بێگرێ، گوێ شل کە بۆ داستانەکەم
سەیرە، بەزمە، هەڵپەڕینە، پڕ لە قاقا و خەندەیە
نەعرەتەی گوێ کەڕ ئەکا، جۆش و کوڵی سەیرانەکەم
مامە کوڕنووی ڕاکشاوی گردەکەی سەیوانەکەم
سەر ڕەحەت، دڵ بێگرێ، گوێ شل کە بۆ داستانەکەم
ئەرغەوان سوورە، بەهارە، گوڵشەنە، ڕازاوەیە
دەشت و کۆ ڕەنگین و پڕ شۆیە وەنەوشەی یانەکەم
مامە کوڕنووی ڕاکشاوی گردەکەی سەیوانەکەم
سەر ڕەحەت، دڵ بێگرێ، گوێ شل کە بۆ داستانەکەم
خەرمەنی لالە لە کۆساران و پێدەشت و نشێو
سوورترە لەو خوێنەی باریوەی کوڵی گریانەکەم
مامە کوڕنووی ڕاکشاوی گردەکەی سەیوانەکەم
سەر ڕەحەت، دڵ بێگرێ، گوێ شل کە بۆ داستانەکەم
کوڕنوو= ئەحەی کوڕنوو، ناوی ئەحمەدی کوڕنووە لە زەمانی کاک ئەحمەدی شێخا نۆکی کوڵانووە، لەبەر ئەوەی پیاوێکی خۆش مەشرەب و قسەخۆش بووە و حەرەکاتی سەیر و سەمەرەی کردووە و بۆتە هۆی بەزم و پێکەنین و خۆشی، کاک ئەحمەد بردوویەتی بۆ حەج. پیاوێکی عاقڵ و هۆشمەند بووە... گاڵتەی بە ناهەمواری زەمانە هاتووە. خەڵکی شاری سلێمانی بووە و هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە.
گردی سەیوان= بەناوبانگترین گۆڕستانی شاری سلێمانییە کە ژمارەیێکی زۆر لە زانایان و شاعیرانی کورد لەوێدا نێژراون.
سەر ڕەحەت: مێشک هێمنە و بە هیچ کارێکی ناڕەواوە خەریک و ماندوو نییە.
گوێ شل کە: گوێ بگرە.
نەعرەتە: بۆ دەنگ و هاوارێکی بەرز و بەهێز بەکار دێت و وەک ئەڵێن: نەعرەتەی شێر یا نەڕەی شێر.
پڕ شۆیە= تەڕ و تووشە.
یانەکەم= خانەکەم، خانووەکەم.