ناسر ڕەزازی

ساقینامە

بە دەنگی: ناسر ڕەزازی
شێوەزار: سۆرانی
161
ئەی ئەو کەسەی دەتپەرستم و لێم ونی
تۆ خودا نی، تۆ خۆشەویستی منی
لە ئاسمان نی تا وێت ڕانەگا دەستم
لە قاف نی کاڵەی ئاسنت بۆ هەڵبەستم
تۆی لە من ون کرد و منی لە تۆ دوور
ئەو بستۆکەی دوژمن ناوی نا سنوور

نا مەچۆ، جوانێ مەچۆ، واوە مەچۆ؟
تۆ فریوی زێڕ و زیوی وان مەخۆ
ئەو هەوەسبازانە جێی متمانە نین
هەر دەزانن گوڵ چنین و بەی ڕنین
وا وەرە دەی وا وەرە نێزیک بە لێم
بمدەیە مەی بمدەیە مەی تا دەڵێم
مەستێ مەستەم ساقییا دەستەم بگیر
تا نەیۆفتادەم ز پا دەستەم بگیر

جا کە سەرخۆش بووم بە دەنگێکی نەوی
بۆت دەڵێم ئەو شێعرە بەرزەی مەولەوی
بشنەو ئەز نەی چون حکایەت میکونەد
وەز جۆداییها شێکایەت میکونەد
گوێم دەیە ئەی دیدەمەستی قیت و قۆز
تا بناڵێنم وەکوو بلوێر بەسۆز
نابێ قەت ناڵەی جودایی بێ ئەسەر
جا چ نەی بیکا چ پیاوی دەربەدەر

بۆیە ناڵەم تێکەڵی نەی کردووە
شیوەنێکم پێیە نەی نەیکردووە
لێم گەڕێ با دەربڕم سۆزی دەروون
لێم گەڕێ تا هەڵوەرێنم ئەشکی ڕوون
شیوەنی من شیوەنی ئینسانییە
بانگی ئازادی و گڕووی یەکسانییە
شیوەنی من شینی کوردی بێ بەشە
ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و هەشە
با لە زارم بێتە دەر پشکۆی شێعر
با فراوانتر بکەم ئاسۆی شێعر
پارچە گۆشتێکە دڵی من ڕوو نییە
ناڵەناڵی من درەنگە و زوو نییە
دەردی دووری کوشتمی
دەردی هوشیاری و سەبووری کوشتمی
یادی یاران و وڵاتم ڕۆژ و شەو
لێی حەرام کردم قەرار و خورد و خەو
خەمڕەوێنێک لێرە من ناکەم بەدی
چۆن پەنا بۆ مەی نەبەم، ساقی! ئەدی!؟

نابینم خاک و وڵات و شاری خۆم
نابینم ناسیاو و دۆست و یاری خۆم
ڕوو لەهەر لایەک دەکەم نامۆیە بۆم
نابینم جێژوان و کەونە لانی خۆم

شەو دەکێشم شەونخوونی و بێ خەوی
ڕۆژ دەچێژم دەرد و داخی بێ ئەوی
چۆن نەناڵێ ئەو دڵەی پڕ هەستی من؟
چۆن لە ئەژنۆ ببنەوە دوو دەستی من؟
چۆن نەناڵێ ئەو دڵە ئەنگاوتەیە؟
بەرد لە بەردی بێتەوە دەنگی هەیە
ژانی ناسۆری جوداییم چێشتووە
هەرچی خۆشم ویستووە جێم هێشتووە
هەڵبڕاوم من لە یاری نازەنین
دەرکراوم من لە خاکی دڵنشین
بوومە ئاوارە و پەڕیوەی دووروڵات
کەوتمە نێو وردەداوی ڕێی نەجات

بوومە ئاوارە و پەڕیوەی دووروڵات
کەوتمە نێو وردەداوی ڕێی نەجات
کوردەواری، ئەی وڵاتە جوانەکەم!
ڕۆڵەکەم! خێزانەکەم! باوانەکەم!
ئەی ئەوانەی قەت لەبیرم ناچنەوە
ئێستە بمبینن ئەرێ ئەمناسنەوە؟
ئەی ڕەفیقان، ئەی عەزیزانی وڵات!
ئەی برای هاوسەنگەری جەرگەی خەبات!
گەر دەناڵێنم، ئەمن پەککەوتە نیم
تێ دەکۆشم بۆ وەسڵ تاکوو دەژیم
کۆششی من زۆر بەجێیە و زۆر ڕەوا
چونکە قانوونی تەبیعەت وایە، وا
هەر دەپێوم کێو و شاخ و چۆڵ و دەشت
دێم بەرەو کوێستان بەرەو باخی بەهەشت
دێم بەرەو هۆبە و هەواری باسەفا
دێم بەرەو لادێ، بەرەو کانگەی وەفا
تا بمێنێ نووری چاو و هێزی پێم
دێم و دێم و دێم و دێم و دێم و دێم
دێم هەتا هەمبێ بڕست و بیر و هۆش
گەر گلاشم، کوردەواری و ئێوە خۆش!

هۆنراوە: هێمن